رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (تێدۆر رووزڤێڵت) لە سان دیێگۆوە بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێکەوتووە و تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە ناوچەکەدا جێگیر دەبن.
دوێنێ پێنجشەممە 1-10-2026، بەرپرسێکی ئەمریکی بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (تێدۆر رووزڤێڵت) لەگەڵ گرووپی کەشتییە هێرشبەرەکانی، بنکەی دەریاییی سان دیێگۆی جێهێشتووە و بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرێوەیە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە باسی لەوە کرد، رۆژی دووشەممەی پێشوو (28ـی ئەیلوول) هێزی دابەزینی وشکانیی (مەیکین ئایلەند) بە زیاتر لە 2 هەزار سەربازی مارینزەوە لە سان دیێگۆوە بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێکەوتووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و دوو گرووپی دابەزینی سەربازی لەناوچەکە جێگیردەبن.
سەرچاوەکە روونیکردەوە، کۆکردنەوەی ئەو هێزە زەبەلاحە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بژارەی زۆر دەداتە سەرکردەکانی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026 دەستیپێکرد.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی لە تەنگەی هورمز قەدەخە کرد. لە بەرامبەردا واشنتن گەمارۆیەکی تووندی دەریاییی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران بۆ رێگریکردن لە هەناردەی نەوت.
تایبەتمەندییەکانی فڕۆکەکە:
ناوی تەواو: یووئێسئێس تێدۆر رووزڤێڵت
پۆل: نیمیتر-کلاس (چوارەم کەشتی ئەم پۆلە)
ناونراوە بەناوی سەرۆکی 26ـەمی ئەمریکا تێدۆر رووزڤێڵت
خزمەتی فەرمی: 25ـی تشرینی یەکەمی 1986
تێچوو: نزیکەی 4.5 ملیار دۆلار
بنکەی سەرەکی ئێستا: سان دیێگۆ، کالیفۆرنیا
یەکەم شەڕی راستەقینە: جەنگی کەنداوی 1991
درێژی گشتی: (332.8 مەتر)
پانی رووی فڕین: (76.8 مەتر)
قورسایی تەواو: 104600 تۆن
خێرایی: (زیاتر لە 56 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا)
هێزی جووڵانەوە: 2 ریاکتۆری ناوەکی A4W + 4 تۆرباین + 4 شەفت (کۆی هێز 260000 ئەسپ)
مەودای کارکردن: (سووتەمەنی ناوەکی 20–25 ساڵ دەخایەنێت)
ژمارەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر: تا 90 دانە
کارمەندانی کەشتی: نزیکەی 3200 کەس
هێزی فڕۆکەوانی: نزیکەی 2480 کەس
کۆی کارمەندان لەگەڵ هێزی فڕۆکەوانی: زیاتر لە 5500 کەس.
.jpg&w=3840&q=75)

