رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی لە هێرشێکی چەکداریدا راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026 ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنین لە ناوچەی "راسک" و لە ئەنجامدا ئەندامێکیان گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو پۆلیسەی کوژراوە ناوی "عەلیڕەزا سەنچولی"یە و ئەندامی یەکەی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە بووە.
سوپای پاسدارانی ئێرانیش ئاشکرای کرد، چەکدارەکان دوای هێرشەکە دەستبەجێ بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و بەو هۆیەشەوە هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بە مەبەستی دۆزینەوە و دەستگیرکردنیان بڵاوەیان پێکراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی 24ی ئەیلوولی 2026، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی هاوشێوەدا لە قەزای سەراوانی هەمان پارێزگا، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران بە ناوی حوسێن زەریفی کوژرا.
پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بەهۆی چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی بەلووچ لە سەرووی هەمووشیانەوە "جەیشولعەدل"، بەردەوام رووبەڕووی پێکدادانی چەکداری و هێرشکردنە سەر بنکە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەبێتەوە.



