رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو هاووڵاتیدا لە شاری مەشهەد راگەیاند، کە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان و کوشتنی چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دادگایی کرابوون.
ئاژانسی "میزان"ـی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30-9-2026 سزای لەسێدارەدانی هەردوو هاووڵاتی (عەلی هیممەتی و مەجید نیکئەندیش) جێبەجێ کراوە، ئەمەش دوای ئەوەی سزاکەیان لەلایەن دادگەی باڵای وڵاتەکەوە پەسند کرابوو.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەو دوو کەسە تۆمەتبار کرابوون بەوەی "دەستیان لە ئاڵۆزییەکاندا هەبووە و پەیوەندییان بە دووژمنەوە هەبووە"، هەروەها بەرپرسیار بوون لە کوژرانی چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی تەبەرسیی شاری مەشهەد لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2025دا.
ئاژانسەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە ناڕازییان لە پردی فەجرەوە بەرەو ناوچەی تەبەرسی رۆیشتوون و "دەستیان داوەتە تێکدان و سووتاندنی موڵک و ماڵی گشتی"، کە بە گوتەی دادوەریی ئێران، دۆخێکی نائارامی لە شارەکەدا دروستکردبوو.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام رەخنە لە سیستەمی دادوەریی ئێران دەگرن لەبارەی سەپاندن و جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدان بەسەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکاندا، جەخت دەکەنەوە کە تۆمەتباران لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و هەڵبژاردنی پارێزەر بێبەش دەکرێن.



