رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، رێگە نادەن تەنانەت یەک تۆزقاڵ لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەیان لە ئێران ببرێتە دەرەوە. دەشڵێت رووسیایان لە هەڵوێستی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هیچ بڕێک لە ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان لە وڵاتەکەی نابرێنە دەرەوە.
موحسین رەزایی گوتی: "یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان لە ئێران دەمێننەوە، بۆ ئەوەی لە دروستکردنی ئەو کەشتی و ژێردەریاییانەدا کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکەن، کەڵکیان لێ وەربگرین."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا وەکو یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناو برد و سەبارەت بە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەی هۆشداری دایە ئەمریکا.
رەزایی گوتی: "هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بە بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی، تەنانەت بنکە دوورەدەستەکانی ئەو وڵاتە، وەڵام دەدرێتەوە."
موحسین رەزایی هەروەها ئاشکرای کرد کە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی پێشکەوتووی تەکنەلۆژیا لە جەنگی ئەلیکترۆنیدا و گوتی: "هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەمان دەتوانن کۆنترۆڵی درۆنە ئەمریکییەکان بگرنە دەست و بە سەلامەتی بیاننیشێننەوە."
قسەکانی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران لە کاتێکدایە، کە تاوەکو ئێستا هەوڵی نێوەندگیرەکان، لەوانەش قەتەر و پاکستان بۆ زیندووکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان تاران-واشنتن بەهۆی پێداگریی هەردوو لایەن لەسەر هەڵوێست و مەرجەکانیان، بەتایبەتیش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و تەنگەی هورمز، سەری نەگرتووە.
ئێران دەڵێت، هەر جۆرە دانوستاندن و رێککەوتنێک بەندە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی و ئەمریکاش رژدە لەسەر نەهێشتنی توانای ئەتۆمیی ئێران.


.webp&w=3840&q=75)