رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، بە لەبەرچاوگرتنی رەفتاری حکومەتی ئەمریکا، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێینەوە بۆ دیپلۆماسی و جارێکی دیکە پەیوەندی لەگەڵ ئەم حکومەتەدا بکەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، عەباس عێراقچی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، "ساڵی 2025، ئەمریکییەکان پێشنیازی دانوستاندنیان کرد، ئێمە قبووڵمان کرد و چووینە ناو دانوستانەکانەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی دانوستاندنەکاندا، هێرشیان کردە سەرمان، هەشت مانگ دواتر، لە شوباتی 2026، جارێکی دیکە پێشنیازی دانوستاندنیان کردەوە، دیسانەوە ئێمە قبووڵمان کرد و دیسانیش رێک لە ناوەڕاستی دانوستاندندا هێرشیان کردە سەرمان."
عێراقچی گوتی: "پاش ئەوە، لە دوای جەنگ، پێشنیازی دانوستانیان خستەڕوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک، ئێمە قبووڵمان کرد، سێ مانگ دانوستانمان کرد، بەڵام تەنیا دوو هەفتەی خایاند تاوەکو ئەو رێککەوتنەی کە خۆیان واژۆیان کردبوو، پێشێلی بکەن."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "بەڵام من هێشتا لە هەوڵدام بۆ سوودوەرگرتن لە رێگەی دیپلۆماسی، چونکە بڕوام وایە نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتی لەدەست بدرێت."
عێراقچی سەبارەت بە تێڕوانینی ئێران بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا گوتی: "گرنگی بە هەڵبژاردنە نیوەخولییەکانی ئەمریکا یان هیچ بابەتێکی دیکەی لەم شێوەیە نادەین و ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمانە."
عێراقچی رایگەیاند:" ئێمە بەو ئەندازەیەی بۆ دانوستاندن ئامادەییمان هەیە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئاڵنگارییەکیش ئامادەین. ئێمە لە بەرامبەر هەر دەستدرێژیەک بەهێزەوە دەوەستینەوە و لە بەرامبەر هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ولاتەکەمان دەوەستینەوە؛ تەنانەت ئەگەر کارەکە بگاتە شەڕێکی ئاخرزەمان."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی:" ئێمە متمانەمان بە خۆمان هەیە؛ ئێران هەم بۆ دیپلۆماسی و هەم بۆ جەنگ بە تەواوی ئامادەیە و لە هەردوو مەیدانیشدا، دوژمن تاقیکردنەوەی خۆی داوە."
عێراقچی بە ئاماژەدان بە پێشنیازەکەی ئێران کە لەلایەن ترەمپەوە رەت کراوەتەوە، گوتی: پلانێکی تەواو لۆژیکی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز لەسەر مێزە؛ ئەگەر ئەوان بەڕاستی بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێن، دەتوانن بە جێبەجێکردنی هەنگاوی کرداری لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی حەوت رۆژەدا، لە ڕۆژی شەشەمدا بینەری کردنەوەی تەنگەکە بن."
عێراقچی گوتیشی:" ئێران هەرگیز هیچ رێککەوتنێکی پێشێل نەکردووە و ئەوە ئەمریکا بووە کە بەبێ هیچ پاساوێک لە پابەندییەکانی خۆی کشاوەتەوە؛ بەرپرسیارێتیی هەر جۆرە رەتکردنەوەیەکی پلانی لۆژیکیی ئێستا یان شکستهێنان لە رێڕەوی دیپلۆماسیدا، راستەوخۆ لە ئەستۆی ئەواندایە."
قسەکانی عێراقچی دوای ئەوە دێت، رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "پێشنیازەکەی ئێرانم [بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز] رەتکردووەتەوە."
پێشنیازەکەی تاران کە لە رێگەی قەتەرەوە دراوەتە واشنتن، نەخشەڕێگەیەکی حەوت رۆژییە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بەڕووی جموجووڵی کەشتیوانیدا. بەپێی پلانەکە، ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکات، ئەوا لە رۆژی حەوتەمدا تاران رێگە بە هاتووچۆی ئاسایی کەشتییەکان دەدات و تەنگەکە بە تەواوی دەکاتەوە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، ئێران چەند مەرجێکی سەرەکی داناوە کە بریتین لە راگرتنی سەرجەم شەڕ و گرژییەکان لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (لە نێویاندا لوبنان و یەمەن) بۆ حەوت رۆژ.
هەروەها ئێران داوا دەکات لانیکەم 12 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئازاد بکرێ، سزاکانی سەر نەوتەکەی هەڵبگیرێن و کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بهێندرێ.
بەپێی میدیای ئەمریکا، ترەمپ بە بەرپرسانی کۆشکی سپی گوتووە، گومانی هەیە ئێران داواکارییەکانی جێبەجێ بکات و پێشبینی دەکات "دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەم، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران دەست پێبکەنەوە."
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی گوتی: "تاران بۆ دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پرسەکانی دیکە ئامادەیە، بەڵام قبووڵی ناکات زۆری لێبکرێ یان هەڕەشەی لێبکرێ،" پزیشکیان هەروەها گوتی، ئێران بەدوای شەڕەوە نییە.




