رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای خاوەندارێتیی کەشتییەکی نەوتی یۆنانی دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشێک لە کەنداو، دەریاوانێکی کەشتییەکەیان کوژراوە.
ئەمڕۆ هەینی، 06-11-2026، کۆمپانیای (ڤێلۆس تانکەرز) کە نووسینگەکەی لە ئەسینای پایتەختی یۆنانە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کەشتی (ڤێلۆس سافایەر) کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵکردبوو، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بە بەتاڵی بەرەو بەندەری سیرای بەحرێن بەڕێگەوە بوو، کاتێک هێرشەکەی کرایە سەر.
کۆمپانیا یۆنانییەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دەریاوانەی کوژراوە، سەرەتا وەک بێسەروشوێن تۆمارکرا بەرلەوەی بە بریندارییەکی سەختەوە بدۆزرێتەوە؛ ئاماژە بەوەشکراوە، هیچ برینداربوونێکی دیکە لەنێو سەرنشینەکانی کەشتییەکەدا تۆمار نەکراوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، بە ئەگەری زۆرەوە تەقینەوەی کەشتییەکە بەهۆی تەنێکی نەناسراوەوە بووە کە بووەتەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە بەشی دواوەی کەشتییەکە، بەڵام لەلایەن تیمی کەشتییەکەوە کوژێندراوەتەوە و کەشتییەکە بەردەوامی بە گەشتەکەی داوە بەرەو بەندەری خەلیفە بن سەلمان لە بەحرێن.
بەریتانیا: کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە تەنگەی هورمز گڕی گرت
دەزگای ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (یو کەی ئێم تی ئۆ) بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لە بەشی چەپی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی عومان روویداوە.
ئەمڕۆ هەینی 06-11-2026، دەزگاکە بڵاویکردەوە کاپتنەکە لە کاتی دەرچوونی کەشتییەکەی بە تەنگەی هورمزدا، لە دووریی 16 میلی دەریایی لە رۆژهەڵاتی شاری خەسەب لە عومان، راپۆرتی لەسەر روودانی تەقینەوەیەک لە بەشی چەپی کەشتییەکە داوە.
دەزگای (یو کەی ئێم تی ئۆ) ئاشکرای کرد کە "سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ برینداربوونێک تۆمار نەکراوە"؛ هەروەها کەشتییەکە کۆنترۆڵی لەدەستنەداوە و بە توانای بزوێنەری خۆی بەردەوامە لە رۆیشتن.
لەوەتەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتی ئەم ساڵدا دەستیپێکردووە، تاران بەردەوام هەوڵی داوە هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی ستراتیژیی هورمز سنووردار بکات، کە بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی بەکارهێنراوی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە دوو کەشتی گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز گڕیان گرتووە، ئەوەش تەنیا رۆژێک دوای ئەوەی تاران رایگەیاند پێنج تانکەری دیکە لە هەمان ناوچەدا تووشی چارەنووسێکی هاوشێوە بوون.
ئەمریکا: 1.5 ملیار بەرمیل نەوتمان بە هورمزدا تێپەڕاندووە
لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئێراندا، ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و لە رێگەی کەشتییە جەنگییەکانیەوە پاسەوانیی کەشتییە بازرگانییەکان دەکات لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەکەدا.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) مانگی رابردوو رایگەیاند، لە وەرزی هاوینەوە هاوکاریی وڵاتانی کەنداوی کردووە بۆ هەناردەکردنی 1.5 ملیار بەرمیل نەوتی خاو بە تەنگەی هورمزدا، هەروەها بەم دواییانەش بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەواوی مینی چێنراوی دەریایی لەو رێڕەوە ئاوییەدا پاککراونەتەوە.


