رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل سەد لە سەد ئامادەن. ئاماژە بەوەش دەکات: ''بە هەر هەڵە لێکدانەوەیەک، دووژمن رووبەڕووی زەبرێکی تووندتر و وردتری ئێمە دەبێتەوە''.
ئەمڕۆ شەممە 26-09-2026، ئەبولفەزل شکارچی، سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: ''لەوپەڕی ئامادەییداین بۆ بەرگری لە وڵات و 100%ـی توانامان بەکاردەهێنین''.
بەگوتەی ئەبولفەزل شکارچی، بەراورد بە جەنگەکانی 12 رۆژە و 40 رۆژە، هێزە چەکدارەکان ''چەند هێندە'' توانای بەرگرییان بەهێزتر بووە و ''ئەگەر دووبارە ئەمریکییەکان تووشی هەڵەی لێکدانەوە و ستراتیژی ببن، بە کردەوە دەبینن کە گورزەکانی ئێمە قورستر، فراوانتر و وەردتر دەیانپێکێت''.
پەیامە هەڕەشەئامێزەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رەتیکردەوە پێشنیازەکەی ئەم دواییەی ئێران قبووڵ بکات کە تایبەت بوو بە کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوانیان.
ترەمپ گوتی: "من پێشنیازەکەی ئەوان رەتدەکەمەوە. ئەوان پێشنیازێکیان کرد، بەڵام من رەتمکردەوە''.
پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەرێگەی قەتەرەوە پێشنیازێکی 7 رۆژەی دابووە ئەمریکا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە ماوەی نزیکەی 7 مانگە بەهۆی جەنگی نێوان واشنتن و تارانەوە ئاستەنگی بۆ دروستبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، مەرجەکانی ئێران لەو پێشنیازەدا بریتی بوون لە: ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران، هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، هەروەها راگرتنی سەرجەم گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانەش یەمەن و لوبنان.
.avif&w=3840&q=75)
