رووداو دیجیتاڵ دەستەی فڕۆکەوانیی ئێران دەڵێ، فرۆشتنی بلیتی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عێراق بەتایبەتی نەجەف تاوەکو کاتێکی نادیار راگیراوە. دەستەکە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیشی پابەند کرد بەوەی تەواوی پارەی بلیتەکان بەبێ بڕینی هیچ سزایەک بۆ گەشتیاران بگەڕێننەوە. بەپێی راگەیێندراوی دەستەی فڕۆکەوانیی ئێران کە ئەمڕۆ هەینی 25ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دوای راگیرانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نەجەف لە بەیانیی ئەمڕۆوە، بە هەموو کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی راگەیێندراوە کە فرۆشتنی بلیتی ئەو هێڵە بۆ ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو تاوەکو کاتی نادیار رابگرن. دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران دەڵێ، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ناچارن بە زووترین کات سەرجەم پارەی بلیتە فرۆشراوەکان، بە تەواوی و بەبێ هیچ بڕینێک، بۆ گەشتیاران بگەڕێننەوە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە داوا لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کراوە بۆ ئاسانکاری لە هاتووچۆی گەشتیاراندا گەشتی نێوخۆیی بۆ فڕۆکەخانە سنوورییەکانی ئێران رێکبخەن، بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانەوە بەردەوامی بە گەشتەکانیان بدەن یان بگەڕێنەوە. هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە چوارچێوەی سزاکانی سەر ئێران دا، لەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەی کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگیران". رۆژی 20ی ئەیلوول سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە 23ی ئەیلوولەوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا دادەخرێن.