رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران قسەکانی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لەبارەی تێپەڕاندنی نەوت بە تەنگەی هورمزدا رەتدەکاتەوە و دەڵێت: ''بە تەواوی درۆیە.''
ئەمڕۆ شەممە 19-09-2026، ئەبولفەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، قسەکانی براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)ـی بە "درۆ، چەواشەکاری و پێکەنیناوی" وەسفکرد.
ئەمڕۆ براد کووپەر رایگەیاندبوو، پشتیوانییان لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کردووە بۆ تێپەڕاندنی زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوت بە تەنگەی هورمزدا.
ئەبولفەزل شکارچی گوتی: ''ئەم لێدوانانە زیاتر لەوەی راستی بن، ئۆپەراسیۆنێکی دەروونیی شکستخواردوون بۆ ورەدان بە هێزە ماندوو و شەکەتەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە و پاساودانە بۆ تێچووە زۆرە دارایی و گیانییەکانی ئەمریکا لە جەنگدا''.
کووپەر ئەوەشی خستبووەڕوو، رێڕۆ سەرەکییەکانی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز لە مین پاککراونەتەوە و هەزاران کەشتی بەبێ کێشە بە تەنگەکەدا دەربازکراون. لە بەرامبەردا بەهۆی ئەو گەمارۆ تووندەی هێزەکانی ئەمریکا سەپاندوویانە، هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سفر بەرمیل.
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، هێشتا کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز لە دەستی خۆیاندایە و ''ئەم لێدوانانە ناتوانن راستیی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە بگۆڕێت''.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست.
داخرانی تەنگەی هورمز و جەنگەکە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دانا. رۆژی دەستپێکی جەنگ بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلار بوو، بەڵام دواتر گەیشتە 120 دۆلار.


