رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، سەرەڕای ئامادەیی تەواو بۆ بەرگریکردن لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا، پێشوازی لە هەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەکەن، کە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بپارێزێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-09-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پەکین و لەگەڵ وانگی یی، هاوتا چینییەکەی کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران نێوەرۆکی کۆبوونەوەکەی عەباس عێراقچی و وانگ یی بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاند، تاوتوێی دۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و پەکین کراوە.
هاوکات عێراقچی، چینی بە ''دۆستی نزیک و هاوبەشی ستراتیژی''ـیی وڵاتەکەی ناو برد و گوتی: ''ویستی جددیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و پەکینە، لە چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژییە گشتگیرەکەی نێوانیان.''
لە بەشێکی قسەکانیاندا، عەباس عێراقچی باسی لە دۆخی ئێستای ناوچەکە کردووە و ''دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل''ـی بە هۆکاری ئاڵۆزییەکان زانیوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەرەڕای هەڕەشەی تووند لە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی، چارەسەری دیپلۆماسی رەتناکاتەوە و دەڵێت: ''وێڕای ئامادەیی تەواومان بۆ بەرگریی بەهێز لە سەروەریی نیشتمانی، یەکپارچەیی خاک و پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات لە بەرامبەر دەستدرێژیکاراندا، پێشوازی لەو رێگەچارە دیپلۆماسییانە دەکەین کە مافەکانی گەلی ئێران مسۆگەر دەکەن''.
عەباس عێراقچی جارێکی دیکە ئاماژەی بە هێزەکانی ئەمریکا کرد لە ناوچەکە و گوتی: ''لە بەڕێوەبەریی نوێی ناوچەییدا کە بە گفتوگۆ و هاوئاهەنگیی وڵاتانی ناوچەکە دێتە ئاراوە، هیچ شوێنێک بۆ مانەوە و دەستوەردانی هێزە بیانییەکان نامێنێتەوە.''
لە دەستپێکی جەنگی 40 رۆژەوە، ئێران بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، چەندینجار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە، ئەوەش ناڕەزایی زۆری ئەو وڵاتانەی لێکەوتووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو: ''ئێمە خوازیاری گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە و پەیوەندیی دۆستانە و ئاشتییانەین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەر لەم چوارچێوەیەشدا دەستمان بە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردووە''.
لە 28ـی شوباتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و جەنگێکی فراوان لە ناوچەکەدا دروستبوو. یەکێک لە لێکەوتەکانی جەنگەکە داخرانی تەنگەی هورمز بوو لەلایەن ئێران و دواتریش ئەمریکاوە.
سەردانەکەی عەباس عێراقچی بۆ پەکین لەکاتێکدایە، ئەمریکا لە چوارچێوەی گەمارۆ و سزاکانی سەر ئێران هۆشداری داوەتە سەرجەم وڵاتان کە پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ئەم وڵاتە بپچڕن، بەڵام تاوەکو ئێستا چین وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران، گوێڕایەڵی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانی واشنتن نەبووە بۆ سەر تاران.
دوای زیاتر لە شەش مانگ لە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەردەوامیی ئەم گەمارۆیە، نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، کە لەم هەفتەیەدا گەیشتە سەروو 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.


