رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سعودیە رایگەیاند حووسییەکان هەوڵی هێرشکردنیان بۆ سەر شاری مەککە و چەند ناوچەیەکی دیکە داوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشدارییەکی دەرکرد و داوای لە هاووڵاتییانی کرد "پێداچوونەوە" بە بڕیاری گەشتکردنیان بۆ سعودیە بکەن.
بەپێی هۆشدارییەکە کە لە (ئاستی سێیەم)ـدایە، داوا لە ئەمریکییەکان دەکرێت بەهۆی مەترسییەکانی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەلایەن درۆن و مووشەکی ئێرانی، ململانێی چەکداری، تیرۆر، قەدەخەی چوونەدەرەوە و یاسا ناوخۆییەکانی پەیوەست بە سۆشیاڵ میدیا، پێداچوونەوە بە گەشتەکانیاندا بکەن.
لە دوای دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، هەڕەشەی بەردەوامی هێرشی مووشەکی و درۆن لەسەر سعودیە هەیە.
هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا شارەکان، ژێرخان، فڕۆکەخانەکان، بنکە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی وزە و دیپلۆماسییان لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردووەتە ئامانج.
هاوکات حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەڕەشەی هێرشی نوێیان بۆ سەر سعودیە کردووە.
حکومەتی ئەمریکا بە تووندی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی کە بەهۆی هەڕەشەی تیرۆرەوە، "گەشت نەکەن" بۆ ناوچە سنوورییەکانی یەمەن (ئاستی چوارەم).
بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، کارمەندانی حکومەتی ئەمریکا کە لە سعودیە کار دەکەن، بۆیان نییە گەشت بۆ ناوچەکانی دووری 32 کیلۆمەتر لە سنووری یەمەن، یان شاری قەتیف بکەن.
گەشتکردنی کارمەندانی ئەمریکی بۆ پارێزگەکانی جازان، عەسیر، نەجران و قەتیف پێویستی بە مۆڵەتی تایبەت هەیە.
ئەمە دوای ئەوە دێت، بەیانیی رۆژی چوارشەممە 16-09-2026 تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە درۆنێکی دووژمنکارانەیان تێکشکاند کە لەلایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی حووسییەوە هەڵدرابوو." ئاماژەی بەوەش کرد، درۆنەکە لە باشووری شاری مەککە و رێک پێش ئەوەی بچێتە ناو ئاسمانی شارەکەوە، خراوەتە خوارەوە.
مالیکی گوتی، "ئاسایشی هەردوو حەرەمی پیرۆز و میوانانی خودا هێڵی سوورە" و روونیکردەوە، ئەمە دووەمین هەوڵی حووسییەکانە بۆ بەئامانجگرتنی مەککە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2017ـدا هەوڵیان دابوو بە مووشەک هێرش بکەنە سەر شارەکە. هەروەها هۆشداری دا، هاوپەیمانییەکە لە گرتنەبەری رێکاری تووند و بەرپەرچدەرەوە بەرامبەر ئەو رەفتارە دووژمنکارانەیە سڵ ناکاتەوە.
لە وەڵامی ئەو راگەیێندراوەدا، حازم ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان راپۆرتەکەی سعودیەی رەتکردەوە. ئەسەد لە ئێکس نووسی: "ئەو بانگەشانەی باس لە بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز دەکەن، درۆیەکە کە پێشتریش بەکارهاتووە و چیدی کەس پێی هەڵناخەڵەتێت."


