رووداو دیجیتاڵ
ئەبراهام حەمادە ناسراو بە (ئەبێ حەمادە) لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، پیرۆزبایی لێکردن بەبۆنەی "تێکەڵبوونی ئاشتیانەیان بە حکومەتی نوێی سووریا."
شەوی سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی کۆنگرێسمانەکە لە لە ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، حەمادە سوپاسی هەردووکیانی کردووە وەک هاوبەشەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی ئەو کۆنگرێسمانەدا هاتووە: "ئەوان ئێستا رۆڵی سەرەکی لە دیمەشق دەگێڕن و یارمەتیدەرن لە بونیادنانی سووریایەک کە رەنگدانەوەی مۆزایکە داینامیکییەکەی بێت."
بەپێی ئەو وێنەیەی لەگەڵ پۆستەکەدا بڵاوکراوەتەوە، پۆستە نوێیەکانیان لە حکومەتی نوێی سووریادا دیاریکراوە؛ مەزڵووم عەبدی وەک (راوێژکاری سەرۆک شەرع بۆ کاروباری کورد) و ئیلهام ئەحمەد وەک (بەربژێر بۆ پەرلەمانی سووریا) ناسێنراون.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە: "ئێمە بەردەوام دەبین لە هێشتنەوەی کەناڵی کراوە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا کە کار بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەکەن."
ئەبراهام جەمال حەمادە لە ساڵی 2025ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە و نوێنەرایەتیی ویلایەتی ئەریزۆنا دەکات. حەمادە لە دایک و باوکێکی سووریایی لە ئەمریکا لەدایکبووە و پێشتر وەک ئەفسەری هەواڵگریی سوپای ئەمریکا و داواکاری گشتی کاری کردووە.

