رووداو دیجیتاڵ
مەولەوی یوسف گرگیچ، مامۆستای ئایینیی دیاری سوننە مەزهەب و پێشنوێژی مزگەوتی محەممەد رەسوڵڵا لە شاری زاهیدانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026، جەمشید رەخشانی نەسەب، قایمقامی زاهیدان لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ مەولەوی یوسف گرگیچ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە زاهیدان، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا."
بنکەی قودسی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی ئەو مامۆستا ئایینییەی سەرکۆنە کرد و گوتی: "مەولەوی یوسف کەسایەتییەکی کاریگەر بوو لە پتەوکردنی یەکڕیزیی شیعە و سوننە لە پارێزگاکەدا؛ لەلایەن دووژمنانی یەکڕیزییەوە تیرۆر کراوە."
کوژرانی ئەم مامۆستایە لە کاتێکدایە کە لە 20ـی تەممووزی 2026ـیش، مەولەوی محەممەد ئەنوەر رێگی، مامۆستای ئایینی سوننە و پێشنوێژی شاری میرجاوە لە سنووری هەمان پارێزگا، لە نزیک مزگەوتی گەورەی شارەکە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ یان لایەنێک بەرپرسیارێتیی کوشتنی مەولەوی یوسف گرگیچی لە ئەستۆ نەگرتووە، پۆلیسی زاهیدانیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و گەڕان بەدوای تۆمەتباراندا بەردەوامە.




