رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەزار و 300 مامۆستا و توێژەری ناوەندە ئایینی و زانکۆکانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان، "نەبوونی باڵاپۆشی" بە پڕۆژەیەکی دژەئاسایش و تێکدەری یەکڕیزی ناودەبەن و داوا دەکەن رێگری لێکرێ.
ئەو کەسانە لە نامەکەدا رایدەگەیێنن پرسی سەرپۆش لابردن و کەمبوونەوەی باڵاپۆشی، تەنیا بابەتێکی ئەخلاقی و تاکەکەسی نییە، بەڵکو بابەتێکە راستەوخۆ پەیوەستە بە شوناسی نیشتمانی و ئاسایشی کۆمەڵگەوە.
لەنامەکەدا هاتووە تەشەنەسەندنی نەبوونی باڵاپۆشی "بەشێکە لە پڕۆژەکانی جەنگی تێکەڵاوی دووژمن" بۆ لاوازکردنی یەکگرتوویی و ئاسایشی بەردەوامی ئێران، هەربۆیە داوا لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کراوە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە، رووبەڕووبوونەوەی "جووڵە رێکخراوەکانی نەمانی باڵاپۆشی" بخاتە نێو کارە لەپێشینەکانی خۆیەوە.
ئەو مامۆستا و توێژەرانە داوایان لە بەرپرسانی ئەمنیی وڵاتەکە کردووە، بە زووترین کات یاسای "پاراستنی خێزان لە رێگەی برەودان بە کولتووری داوێنپاکی و باڵاپۆشی" رابگەیێنن و رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بگرنەبەر.
ئەم نامەیە لە کاتێکدایە، غوڵامعەلی حەداد عادل، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، رۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەی یەکێتیی کۆمەڵە ئیسلامییەکانی قوتابیان رایگەیاند: "دووژمن توانیویەتی شێوازی ژیانی پووچەڵی رۆژئاوایی لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاوبکاتەوە."
لە چەند مانگی رابردوودا ژمارەی ئەو کچ و ژنانەی لە ئێران کەمتر سەرپۆش بەسەریاندا دەدەن زیادی کردووە.



