رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ، لە دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی ئێران "زۆر نیگەرانە" کە تاوەکو ئێستا تاران رێگەی پێنەداوە بچێتە نێوی.
ئێران رێگەی نەداوە پشکنەرانی نێودەوڵەتی بچنەوە نێو هیچ کام لەو ناوەندانەی بۆردوومان کراون، دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە 12 رۆژییەی لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە ئەنجامدرا و بووە هۆی وێرانبوون یان زیانگەیاندن بە وێستگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم.
لەنێو ئەو ئامانجانەی بۆردوومانکران، تۆڕێکی تونێلی ژێرزەوی لە سنووری ئیسفەهان هەبوو، کە بەپێی زانیارییەکان، وێستگەی پیتاندنی سووتەمەنیی ئیسفەهان لەوێیە؛ وێستگەیەک کە تاران لە 12ی حوزەیرانی 2025دا بوونی بە ئاژانسەکە راگەیاند. بڕیار بوو ئاژانسەکە رۆژی 13ی ئەو مانگە سەردانی بکات، بەڵام دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل پلانەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئاژانسی ئەتۆم شوێنی وێستگەکە نازانێت
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکی نهێنیدا بۆ وڵاتانی ئەندام، کە لەلایەن ئاژانسەکانی هەواڵەوە بینراوە، باس لەوە دەکات، ئەوان شوێنی وردی ئەو وێستگەیە نازانن، ئاگاداری دۆخەکەی نین و تەنانەت نازانن ئایا مادەی ئەتۆمیی تێدایە یان نا. ئاژانسەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی ئێران رێگەی پێنەداوە تیمەکانی سەردانی ئەو وێستگەیە بکەن یان نەخشە و پلانەکانی دیزاینەکەی ببینن.
لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە، تاران رێگەنادات پشکنەرانی نێودەوڵەتیی سەردانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی بکەن و رێگری لە ئاژانسەکە کردووە لەوەی پشکنین بۆ کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بکات.
بەپێی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی 2015، ئێران رازی بوو کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی لە 300 کیلۆگرام تێنەپەڕێ و ئاستی پیتاندنیش لە 3.67% زیاتر نەبێت، بەڵام ئێستا پابەندی ئەو مەرجانە نییە، ئەوەش بە دیاریکراوی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018. بەر لە هێرشەکانی حوزەیرانی 2025، ئێران نزیکەی 441 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60% پیتێندراوی هەبوو، کە ئەمەش زۆر نزیکە لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.
چارەنووسی یۆرانیۆمی 60%ـی پیتێندراو لەنێو تونێلەکاندا
کۆمەڵگەی ئەتۆمیی ئەسفەهان لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیانی گەورەی بەرکەوت، بەتایبەتی ئەو بەشانەی کە لەسەر رووی زەوین، بەڵام دۆخی بەشە ژێرزەوینییەکانی هێشتا روون نییە.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا گوتی، ئاژانسەکەی پێی وایە بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی زۆر پیتێندراوی ئێران لەنێو تۆڕی تونێلەکانی ئەسفەهاندا کۆگرا کرابوو.
ئاژانسەکە لە راپۆرتە نوێیەکەیدا هۆشداری دەدات و دەڵێ: "نەبوونی زانیاریی ئاژانس لەسەر مادە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەستڕانەگەیشتن بە دامەزراوەکان، پرسێکی زۆر مەترسیداری بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە و پێویستە بە پەلە چارەسەر بکرێ."
داواکارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە تاران
ئەمریکا و ئیسرائیل رایانگەیاندبوو کە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بە مەبەستی رێگریکردن بووە لەوەی تاران چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات؛ تۆمەتێک کە ئێران بەردەوام رەتی دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە و مەدەنییە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتەکەیدا بە فەرمی داوای لە ئێران کردووە کە دەستبەجێ زانیاری لەسەر دۆخی وێستگەکانی پیتاندن و کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی بداتێ، هەروەها رێگە بە پشکنەران بدات بگەڕێنەوە بۆ سەرجەم ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون تاوەکو بە شێوەیەکی زانستی پشکنین بۆ بڕی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بکەن.

