رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سعودیە لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، هێرش کراوەتە سەر بۆری گواستنەوەی نەوتی وڵاتەکە کە بە بۆری رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا ناسراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەو هۆیەوە هەناردەکردنی نەوتیان لەو رێگەیەوە داخستووە.
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، میدیای فەرمیی سعودیە بڵاویکردەوە: "وەک هەنگاوێکی پێشوەختە و رێکارێکی سەلامەتی، بۆری نەوتی رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوامان داخست"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە هێرش کرایە سەر بۆرییەکە لە ناوچەکانی ریاز و مەدینە".
بۆری رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوای سعودیە نەوت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتەوە دەگوازێتەوە بۆ رۆژئاوای وڵاتەکە. بۆرییەکە لە ساڵی 1980ەوە دەست بە دروستکردنی کرا و ساڵی 1981 تەواو بوو. سعودیە دەتوانێت رۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت بەو بۆریەدا بگوازێتەوە و بە هەنگاوێکی ئەو وڵاتە دادەنرێ بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی سعودیە، ئەم هەنگاوەی داخستنی بۆرییەکە بۆ رێگرییە لە هەر ئەگەرێکی بەئامانجگرتنی، لە کاتێکدا نەوتی پێدا هەناردەبکرێ و ببێتەهۆی دروستبوونی تەقینەوەی گەورە.
هێرشکردنە سەر بۆرییەکەی سعودیە لە کاتێکدایە، لە رۆژی 3ی ئەیلوولەوە حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی رووبەری فراوانتری خاکی وڵاتەکەیان.
بە گوتەی یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان، هێرشەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەیە کە لە سعودیەوە نزیکن. گوتەبێژەکە دەڵێ، لە هێرشەکانیان بۆ سەر سعودیەش بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی هێزەکانی لە خاکی یەمەن دەباتە دەرەوە.
لە 29ی تەممووزی ئەم ساڵ، حووسییەکان رایانگەیاند، رێگە بە تێپەڕینی هیچ کەشتییەکی سعودیە بە تەنگەی بابولمەندەبدا نادەن.
بە گوێرەی گوتەبێژی حووسییەکان، "هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەخت دەکەنەوە کە ئاسمان و دەریایان بۆ هەموو کۆمپانیاکان ئارامە جگه لە کەشتییە سعودییەکان کە پێشتر قەدەخەکردنیان راگەیێندراوە".
لە ساڵی 2014ـەوە یەمەن نوقمی جەنگی نێوخۆ بوو، کاتێک حووسییەکان دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی وڵاتەکەدا گرت کە دیارترینیان سەنعای پایتەخت بوو. ساڵی دواتر، هاوپەیمانییەکی سەربازی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی دەستوەردانی سەربازی کرد، بەمەش قەیرانەکە زیاتر تەشەنەی سەند. حووسییەکان بە گرووپێکی نزیک لە ئێران دەدەنرێن.
بە گوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە دەستپێکی هێرشەکانی ئەم چەند رۆژەی حووسییەکانەوە بۆ سەر بەشەکانی دیکەی یەمەن 46 هەزار کەس ئاوارە بوون.


