رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تونێلێکی فرەڕەهەندی بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لەژێر زنجیرە گردی عەلی تاهیر لە باشووری لوبنان تەقاندووەتەوە کە چەندین لقی هەبووە.
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەدا رایانگەیاند، "ئەمە ژێرخانێکی تیرۆریستیی ستراتیژییە کە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بە دارایی و بەرنامەڕێژیی ئێران بنیات نراوە"؛ راشیانگەیاند، بە تێکشکاندنی ئەم تونێلانە "کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر زنجیرە گردەکانی عەلی تاهیردا دەبێت".
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، ئیسرائیل تەقینەوەیەکی زۆر گەورەی لەسەر زنجیرە گردەکانی عەلی تاهیر لە ناوچەی نەبەتییە ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی لەرزین و دەنگی بەهێز. هاوکات پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس لە باشووری لوبنان گوێبیستی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز بوون لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەدا.
دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.1 پلە لە باشووری لوبنان تۆمارکراوە، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەقینەوە بەهێزەکان.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تونێلەکان زیاتر لە دوو کیلۆمەتر درێژبووەتەوە و دەست بەسەر دەیان رۆکێت، مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران، هەروەها رەشاش، دەیان مووشەکی دژە تانک و سەدان مین و ئامێری تەقینەوەدا گیراوە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمەڵگە ژێرزەوییەکە ناوەندێکی فەرماندەیی یەکەی بەدری حیزبوڵڵاشی تێدا بووە.
بەرپرسێکی سەربازی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، بەشێک لە چەکدارانی ناوچەی عەلی تاهیر شوێنەکەیان چۆڵکردبوو، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەیان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپبارانەوە کوژراون. هەفتەی رابردوو ئیسرائیل دەستبەسەرداگرتنی زنجیرە گردەکانی عەلی تاهیری راگەیاندبوو.
لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، حیزبوڵڵا بۆ پشتیوانیکردن لە ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ئەویش بە هێرشی زەوینی و بۆردوومان وەڵامیدایەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە لایەنەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە دانوستاندنەکاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی دەکرد، پێشنیازی کردبوو سوپای لوبنان کۆنترۆڵی زنجیرە گردەکانی عەلی تاهیر بکات، بەڵام حیزبوڵڵا رەتیکردەوە.
دەسەڵاتدارانی بەیرووت رایدەگەیێنن، لە مانگی ئادارەوە تاوەکو ئێستا هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 4,300 کەس، هاوکات هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەک کە بە "ناوچەی ئەمنی" لە باشووری لوبنان دەستنیشانیان کردووە.
.avif&w=3840&q=75)


