رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی حووسییەکان کۆنترۆڵی تەواوەتیی ناوچەی تەنگەی بابولمەندەب و دوورگەی ستراتیژیی مەیوونیان لە دەریای سوور کرد، هاوکات لە وەڵامی ئەم پێشڕەوییە مەیدانییەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە بە دوو هێرشی ئاسمانی فڕۆکەخانەی شاری مۆخایان بۆردوومان کرد.
رۆژی هەینی، 11-9-2026، بەرپرسێکی حکومەتی خۆجێیی لە یەمەن کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: حووسییەکان تەواوی ناوچەی تەنگەی بابولمەندەب و دوورگەی مەیوونیان لەنێو دڵی تەنگەکەدا کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەوەش دوای کشانەوەی هێزەکانی حکومەت لەو ناوچانە. هاوکات کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان بڵاویکردەوە فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە 2 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی شاری بەندەریی مۆخا کە دوێنێ پێنجشەممە کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی حووسی.
کۆنترۆڵکردنی دوورگەی مەیوون
بەرپرسە حکومییەکە روونیکردەوە ئەو بەلەمانەی کە چەکدارانی حووسییان هەڵگرتووە دوای کشانەوەی هێزەکانی سەر بە حکومەت، گەیشتوونەتە دوورگەی مەیوون (پێریم) کە تەنگەی بابولمەندەب دەکاتە دوو بەش، و گوتی: "حووسییەکان کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ناوچەی بابولمەندەب و دوورگەی مەیوونیان یەکلاییکردووەتەوە کە دەکەوێتە نێوەڕاستی تەنگەکە."
هاوکات شایەتحاڵێکی بە فرانس پرێسی گوت، چەکدارانی ئەو گرووپە بە درێژایی کەناراوەکانی تەنگەی بابولمەندەب بڵاوەیان پێکراوە و بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە بە ناوچەکەدا هاتووچۆ دەکەن، ئەمەش باڵادەستیی وشکانی و دەریایی حووسییەکان بەسەر ئەو رێڕۆیە ئاوییەدا نیشان دەدات.
کوژرانی سەدان کەس و هێرشی ئاسمانیی سعودیە بۆ سەر مۆخا
لە کاتی دەستپێکردنی هێرشی بەرفراوانی حووسییەکان بۆ سەر ناوچەی بابولمەندەب، سەدان کەس لە هەردوولا کوژراون و گیانیان لەدەستداوە. هێزەکانی حووسی دوێنێ پێنجشەممە دوای هێرشێکی بەرفراوان کە لە هەفتەی پێشووەوە، پێنجشەممە، دژی هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەستیپێکردبوو، توانیان شاری بەندەریی مۆخا بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن.
کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکانیش رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە بە دوو هێرش فڕۆکەخانەی مۆخایان بۆردوومان کردووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی قەبارەی زیانەکان نەخستووەتەڕوو.
مەترسی لەسەر شادەماری هەناردەی نەوتی سعودیە
ناوچەی تەنگەی بابولمەندەب شادەماری سەرەکیی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی سعودیە و وڵاتانی کەنداوە بەرەو بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان. کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی ئەم ناوچەیە لەلایەن حووسییەکانەوە، بازاڕەکانی وزە و کەشتیوانیی جیهانی توشی دڵەڕاوکێ کردووە.
شاری مۆخا و تەنگەی بابولمەندەب لە ماوەی ساڵانی جەنگدا، لەلایەن هێزەکانی بەرهەڵستیی نیشتمانیی یەمەن و هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بەڕێوەدەبران و ئاسایشی دەریاییان دەپاراست. دوورگەی مەیوونیش کلیلی کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی کەشتییە زەبەلاحەکانە لەنێوان کەنداوی عەدەن و دەریای سووردا.
کەوتنی لەپڕی مۆخا لە رۆژی پێنجشەممە و دواتر کۆنترۆڵکردنی دوورگەی مەیوون لە رۆژی هەینی دا، گەورەترین شکستی هێزەکانی حکومەتی یەمەنە لە بەرامبەر حووسییەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا.
بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی مۆخا لەلایەن ریازەوە، هەوڵێکی بەپەلەی سعودیە و هاوپەیمانەکانیەتی بۆ رێگریکردن لەوەی حووسییەکان بتوانن ئەو فڕۆکەخانە و بەندەرە ستراتیژییە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەڵدانی درۆن و مووشەک بەکاربهێنن.
ماوەی هەفتەیەکە یەمەن بە شەڕ و پێکدادانی توونددا دەڕوات لە نێوان حووسییەکانو هێزەکانی حکومەت، کە بە تووندترین شەڕ دادەنرێت لە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2022ـەوە. بەپێی ئامارێک کە پشت بە سەرچاوەکانی هەردوولا دەبەستێت، لەم شەڕانەدا لانیکەم 500 کەس کوژراون کە زۆربەیان چەکدارن.
لە تەممووزی رابردوودا یەمەن جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو چەقی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ئەوەش هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی رووبەڕووبوونەوەی نێوان حووسییەکان و سعودیە لە سایەی ئەو جەنگەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەرپابووە.
لە ساڵی 2014ـەوە یەمەن نوقمی جەنگی نێوخۆ بوو، کاتێک حووسییەکان دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی وڵاتەکەدا گرت کە دیارترینیان سەنعای پایتەخت بوو.
لە ساڵی دواتردا، هاوپەیمانییەکی سەربازی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی دەستێوەردانی سەربازیی کرد، بەمەش قەیرانەکە زیاتر تەشەنەی سەند.

.jpg&w=3840&q=75)
