رووداو دیجیتاڵ
جۆرج گێراپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا رایگەیاند، قسەکردن لەگەڵ دراوسێ بەتایبەت ئەو دراوسێیەی کە جیاوازیی مێژووییشت لەگەڵیدا هەیە پێویستییەکی حاشاھەڵنەگرە.
رۆژی چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، گێراپێتریتیس بۆ میدیای وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانرێت لە یەک کاتدا داوای ئاشتی و سەقامگیری بکرێت و لە هەمان کاتدا دەرگای گفتوگۆ دابخرێت. بە گوتەی وەزیرەکە، "ئەوانەی پێیانوایە بە رەتکردنەوەی دانیشتن و گفتوگۆ شتێک بەدەستدەهێنن، بە هەڵەدا چوون؛ چونکە داخستنی دەرگای دیالۆگ لە جەوهەردا دەبێتە هۆی جەنگ، نهک کۆتاییهێنان پێی."
تورکیا و یۆنان 200 کیلۆمەتر سنووری وشکانییان هەیە و ناکۆکیشیان سەبارەت بە ژمارەیەک دوورگە هەیە، تورکیا بەشێکی دوورگەکانی یۆنان بە هی خۆی دەزانێت و یۆنانیش بە هەمانشێوە بەشێکی دوورگەکانی ئەو وڵاتە بە خاکی وڵاتەکەی دەزانێت.
سەبارەت بە لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا دژی یۆنان، وەزیری دەرەوەی یۆنان روونیکردەوە، ئەم ئاڵۆزییانە دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی کە یۆنان دەسەڵاتێکی راستەقینە و دەنگێکی بەهێزتری لە ناوچەکەدا هەیە؛ گوتیشی: "ئەوەی زۆرترین هاوار دەکات هەمیشە بەهێزترین نییە، بەڵکو زۆرجار نیشانەی لاوازییە."
ناوە ناوە بەشێکی بەرپرسانی تورکیا ناڕەزایی و نیگەرانی بەرامبەر ئەو رێککەوتنە پیشاندەدەن کە کانوونی یەکەمی رابردوو لەنێوان یۆنان، قوبرس و ئیسرائیلدا واژۆکرا و بە مەترسی لەسەر وڵاتەکەیانی دەزانن.
لەلایەکی دیکەوە، گێراپێتریتیس رەتیکردەوە هیچ مەترسییەکی مەیدانیی خێرا هەبێت و ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپۆزیسیۆن و دامەزراوەکانی یۆنان بۆ هەموو سناریۆکان و ئەگەری زیادبوونی گوشارەکان ئامادەن و توانای وەڵامدانەوەیان هەیە.
هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەیی سەربازی
سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان، وەزیری دەرەوەی یۆنان ئاماژەی بە هاوکارییە بەرگرییە بەهێزەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد و گوتی: "ئێمە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانمان لەسەر بنەمای ویستی وڵاتانی دیکە دیاری ناکەین. هێزی راستەقینە لە رێگەی هاوپەیمانییە بەهێزەکانەوە دروست دەبێت."
لە بارەی ئەگەری روودانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ تورکیا، وەزیرەکە رایگەیاند، لە روودانی هیچ رووداوێکی سەربازی ناترسێت، چونکە کەناڵەکانی پەیوەندی لە چوارچێوەی دیالۆگدا بەردەوامن. ئەگەرچی یۆنان چاوەڕوانی روودانی هیچ ئاڵۆزییەکی سەربازی ناکات، بەڵام بۆ هەموو ئەگەرێک بە تەواوی ئامادەیە.
لە کۆتاییدا، گێراپێتریتیس جەختی لەسەر مافی یاسایی یۆنان کردەوە بۆ فراوانکردنی ئاوە هەرێمییەکانی بۆ 12 مایلی دەریایی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و گوتی: "ئێمە هەرگیز دەستبەرداری ئەم مافە نەبووین. دەوڵەتی یۆنان لە کات و بە شێوازێک کە بە گونجاوی بزانێت ئەم مافە پەیڕەو دەکات، ئەگەرچی ئێستا هیچ خشتەیەکی کاتی بۆ دیاری نەکراوە."


