میدیای ئێران رایگەیاند، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە چەند خاڵێکی جیاوازی دوورگەی خارگ لە باشووری ئێران بیستراون.
ئەمشەو سێشەممە، ئاژانسی (مێهر)ی ئێرانی پشتڕاستی کردووەتەوە کە دەنگی تەقینەوەکان لە ناوچەی لەنگەرگای خارگەوە بیستراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرچاوەی دەنگەکان لە سنووری لەنگەرگاکە بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمیی لەبارەی سەرچاوە و هۆکاری ئەم تەقینەوانە و قەبارەی زیانە ئەگەرییەکان رانەگەیێندراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ لێدانی نەوتهەڵگرەکانی وڵاتەکەی، وەڵامێکی سەربازیی خێرای بۆ سەر بنکە ئەمریکاییـەکان لە ناوچەکەدا دەبێت.
ئەمشەو سێشەممە، عەلی عەبدوڵڵاهی رایگەیاند، سوپای ئەمریکا هۆشداریی چۆڵکردنی داوەتە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بە مەبەستی پێکانیان و گوتیشی: "بە روونی رایدەگەیێنین کە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی سەرجەم بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بکرێنە ئامانج."
.jpeg&w=3840&q=75)

