رووداو دیجیتاڵ
محەممەد باقر قالیباف، نوێنەری باڵای دانوستانکاری ئێران، رۆژی یەکشەممە هەڕەشەی وەشاندنی وەڵامی خێراتر و کوشندەتری بۆ سەر هێرشەکانی ئەمریکا کرد، ئەوەش دوای ئاڵوگۆڕی تەقەکردنێک کە تێیدا تاران کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکای کردە ئامانج و ئەمریکاش هێرشی کردە سەر کەشتییە نەوتکێشەکانی ئێران.
قالیباف لە گوتارێکدا کە دەزگاکانی راگەیاندنی دەوڵەتی ئێران بڵاویانکردەوە، رایگەیاند: "بێگومان دەبێت ئەمریکییەکان تێگەیشتبن کە سەردەمی وەڵامدانەوە رێژەیی و بچووکەکان کۆتایی هاتوووە. هەر دەستدرێژییەکی سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی ئێران، وەڵامێکی خێراتر، تووندتر و بەئازارتر وەردەگرێتەوە".
هێرشەکانی رۆژی شەممە بە جۆرێک بوون کە سوپای پاسداران رایگەیاند درۆنێکی دەریایی ئەمریکی، سێ کەشتیی نەوتکێش لە تەنگەی هورمز، کەشتییەکانی ئەمریکا لە شوێنەکانی دیکە، هەروەها فڕۆکەهەڵگرێک و کەشتییەکی تێکشکێنەری ئەمریکییان کردووەتە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو کە هێزەکانیان دوو کەشتیی نەوتکێشی ئێرانییان لە بەرامبەر دوورگەی خارگی "لەکارخستووە" و کەشتییەکی نەوتکێشی خاوی ئێرانیی بەتاڵیشیان لە دەریای عومان "بە تەواوی تێکشکاندووە".
سێنتکۆم لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا "بە سەرکەوتوویی خۆیان لە هێرشەکانی ئێران پاراستووە".
ئێران لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەکە لە 28ی شوباتەوە، تاڕادەیەکی زۆر ئاستەنگی بۆ رێڕەوی پەڕینەوە لە تەنگەی هورمز دروستکردووە.
واشنتن گەمارۆدانێکی پێچەوانەی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و مانگی رابردوو هەڵمەتێکی بەناوی "خنکاندنی ئابووری" دژی ئێران راگەیاند، بە ئامانجی پەکخستنی ئابوورییە دابەزیوەکەی ئەو وڵاتە.
قالیباف لە گوتارەکەیدا داوای لە دەسەڵاتداران کرد، بەڕێوەبردنی هاوردەکردنی کاڵا باشتر بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵمەتەکەی ئەمریکا.
رۆژی یەکشەممە حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، تاران لە رێگەی ئەم جەنگەوە هەوڵ دەدات زیانی ئابووری بە ئەمریکا بگەیێنێت.
هەروەها گوتی، "ئەگەر ئەمریکا بیەوێت یەک دۆلار زیانی ئابووری بە ئێران بگەیێنێت، 10 دۆلار زیان بە خۆی دەگەیێنێت".



