رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری گیانلەدەستدراوانی رووداوەکەی هاتووچۆی رێگەی سنە-هەمەدان دەربڕی و گوتی: ''پێویستە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەپەلە بەدواداچوون بۆ دۆخی برینداران بکەن و لە هۆکاری رووداوەکە بکۆڵنەوە.''
لە پەیامەکەی مەسعود پزیشکیاندا کە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 06-09-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، هاتووە: ''رووداوی دڵتەزێنی تەقینەوەی تانکەرێکی سووتەمەنی لە رێگەی سنە - هەمەدان و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە هاووڵاتیی خۆشەویستمان، بووە هۆی خەمبارییەکی قووڵ.''
مەسعود پزیشکیان وێڕای دەربڕینی پرسەی خۆی بۆ ''خەڵک"ی پارێزگای سنە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ''پێویستە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەپەلە بەدواداچوون بۆ دۆخی برینداران بکەن و پاڵپشت بن بۆ کەسوکاریان.''
لە پەیامەکەی سەرۆککۆماری ئێراندا هاتووە، پێویستە بەدواداچوونی ''ورد'' بۆ هۆکاری رووداوەکە بکرێ و کاری لەپێشینەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت.
ئێوارەی شەممە، 5ی ئەیلوولی 2026، نزیکەی کاژێر 5:00ی ئێوارە، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە پارێزگای سنە، لە رێگەی سەرەکیی هەمەدان روویدا، لە ئەنجامدا 13 کەس گیانیان لەدەستدا و 7ی دیکە بریندار بوون.



.png&w=3840&q=75)