رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسداران دەڵێ، بەلەمێکی بێسەرنشینی ئەمریکایان لە تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆژی یەکشەممە، 06-09-2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەلەمێکی بێسەرنشینـی هێزەکانی ئەمریکا کە "بەنیازی چوونە نێو ناوچەی پارێزراوی تەنگەی هورمز بووە"، لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە هێرشی کراوەتە سەر.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تەنگەی هورمز وەک "رێڕەوێکی ئاویی ستراتیژی" لەژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی ئێراندایە و سوپای پاسداران هۆشداری دەدات کە "بە تووندی وەڵامی هەر جووڵەیەکی هێزەکانی ئەمریکا دەدەینەوە."
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران باس لەوە دەکات، تەواوی جووڵە و هەنگاوەکانی هێزەکانی ئەمریکا لەژێر چاودێریی وردی هێزی دەریاییدایە.
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە تەنگەی هورمز بەردەوامن.
دوێنێ شەممە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج و پەکی خستوون، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران بە مووشەکی بالیستی دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردبووە ئامانج.


