رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (فۆکس نیووز) هێرشی کردە سەر ئێران و رایگەیاند، واشنتن ستراتیژیی "خنکاندنی ئابووری" بەرامبەر تاران پەیڕەو دەکات؛ بێسێنت ئاماژەی بەوەش کرد، جیهان چی دیکە بەرگەی رەفتارەکانی ئەم "رژێمە" ناگرێ.
رۆژی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "47 ساڵە ئەم رژێمە شەڕەنگێزە هەیە و جیهان لێی بێزار بووە. گەلی فارس گەلێکی مەزنن، بەڵام رژێمێکی سەرکوتکاریان هەیە."
بێسێنت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لە رێگەی گوشارە داراییەکانەوە ئێران "دەخنکێنێت" و دراوەکەی بە تەواوی بێ بەها دەکات؛ گوتیشی: "رژێمەکە لە ناوەوە دەگۆڕدرێ و گەل رادەپەڕێ، یان ئەوەتا با بزانین چی روودەدات."
ئەم گوتانە لە کاتێکدان، رۆژی 24ی ئاب، بێسێنت ژمارەیەک سزای دژی ئێران راگەیاند. دوای سەپاندنی ئەو سزایانە، نرخی تمەن زیاتر دابەزی. ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 22.5 ملیۆن تمەنە لە کاتێکدا 1ی ئاب بە 19.36 ملیۆن تمەن بوو.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پێشبینییەکی ئەرێنی بۆ بازاڕی وزە خستەڕوو و پێی وایە دوای کۆتاییهاتنی ئەم قەیرانە، بازاڕی نەوت رووبەڕووی زیادبوونی یەکجار زۆری خستنەڕوو دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی دابەزینی نرخ. بێسێنت گوتی: "رەنگە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بۆ 40 تا 50 دۆلار دابەزێ."
هۆشداری بە چین و گەمارۆی هەمەلایەنە
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین، بێسێنت هۆشدارییەکی دا و رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی داهاتوو چاوەڕێی رێکاری نوێ بن لەو بارەیەوە. ئەو وەزیرە گوتی: "ئێستا ئێران لە دۆخێکدایە کە نە هیچ شتێک هەناردە دەکات و نە دەتوانێت هیچیش هاوردە بکات".
چین رۆژانە 17.8 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات کە هەشت ملیۆنی لە ئێرانەوە دەکڕی. ئەو بڕەی ئێران بە چینی دەفرۆشێت 90٪ی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەیە لە رۆژێکدا.
هێرش بۆ سەر میدیاکانی ئەمریکا و ئەورووپا
لە بەشێکی قسەکانیدا، بێسێنت هێرشی کردە سەر دوو لە بەناوبانگترین رۆژنامەکانی جیهان و رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بە "دژە ئەمریکا، دژە بازرگانی و دژە بەهاکانی رۆژئاوا" ناوبرد.
ئەو وەزیرە رەخنەی لە وۆڵ ستریت جۆرناڵیش گرت و گوتی: "ئەو رۆژنامەیە چی دیکە رۆژنامەیەکی بازرگانی نییە، تەنیا شتێک کە تێیدا بیخوێنمەوە پێداچوونەوەی کتێبەکانە."
بێسێنیت گوتی، کێشەکە لە رووماڵی میدیایی پاشەکشەی بازاڕەکاندایە نەوەک بازاڕەکە و دەڵێت دەستەواژەی "هەواڵی ساختە" بۆ باسکردنی ئەم میدیایانە بەس نییە.
ناوە ناوە ئەو دوو رۆژنامەیە هەواڵی نەرێنی لەسەر تواناکانی ئەمریکا بۆ تێکشکاندنی ئێران لە جەنگەکەیاندا بڵاودەکەنەوە، ئەمەش بەشێکی بەرپرسانی ئەمریکای نیگەران و تووڕە کردووە.


