رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو و بۆ دووەم شەو لەسەریەک، دوای بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تاران بە درۆن هێرشی کردە سەر کوێت و بەحرێن کە دوو هاوپەیمانی واشنتنن لە کەنداو.
گرنگترین پێشهاتەکان:
- ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت، بەحرێن و ئیمارات.
- بەهای تمەن نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمارکرد و یەک دۆلار گەیشتە 2.2 ملیۆن تمەن.
- دەستپێکردنی هەوڵە دیپلۆماسی و نێوەندگیرییەکانی پاکستان، میسر، قەتەر و چین بۆ راگرتنی گرژییەکان.
هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کوێت لێدرا. وەزارەتی بەرگریی کوێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی داوەتەوە و هێرشەکانیشی بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرای ئێران" ناوبرد.
لە بەحرێنیش، بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانییان بەرپەرچی چەندین هێرشی ئاسمانیی ئێرانی داوەتەوە. بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا، سوپای ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن و ئیمارات. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، ئەو کارەیان "بەرگرییە لە خۆیان" لە بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە.
پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان لە تەنگەی هورمز
ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەم هەفتەیە چوونەتە قۆناخێکی نوێوە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە ئەمریکا سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێرانی لە دوورگەیەکی تەنگەی هورمز کردە ئامانج، کە بە گوتەی واشنتن، ئێران پلانی هەبووە بۆ دانانی مین لەنێو ئاوی گەرووەکەدا بەکاریانبهێنێت. لە بەرامبەردا ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن کرد، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سەرجەمیان تێکشکێندران.
سێنتکۆم گوتی، هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەیان تەنیا ئامانجی سەربازیی ئێرانیان گرتووەتەوە، لەنێویاندا بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستمی رادار و ئامانجە دەریاییەکان. بەڵام میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، یەکێک لە هێرشەکانی ئەمریکا ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەی لە شارۆچکەی کوهێستەک لە کەناراوەکانی تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج.
ئاژانسی فەرمیی ئێرنا و تەلەڤزیۆنی دەوڵەت بڵاویانکردەوە، بەهۆی ئەو هێرشەوە چوار کەس کوژراون کە دوو ژن و دوو منداڵن و لانیکەم 68 کەسی دیکەش بریندار بوون. سوپای ئەمریکا لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاگاداری ئەو هەواڵانەن، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوان "هەرگیز خەڵکی سڤیل ناکەنە ئامانج."
پەککەوتنی هاتووچۆی دەریایی و ئاسایشی وزە
کاریگەریی ململانێکان گەیشتووەتە سەر هاتووچۆی کەشتییەکانیش؛ بەرپرسێکی فلیپین رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە ئاڵای سعودیەی لەسەر بووە لە تەنگەی هورمز، دوو دەریاڤانی فلیپینی کوژراون و 14 دەریاڤانی دیکەشیان رزگاریان بووە. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی سعودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای پاراستنی ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی و دابینکردنی وزەی جیهانی کرد.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتەوە، تاران کۆتوبەندی تووندی خستووەتە سەر هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز. ئەو تەنگەیە پێشتر یەک لەسەر پێنجی نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێدەپەڕی و ئێستا بەهۆی رەوشەکەوە جووڵەی بازرگانی تێیدا سست بووە، ئەمەش نرخی وزەی لە جیهاندا بەرزکردووەتەوە.
دابەزینی بەهای تمەن و گوشارە دیپلۆماسییەکان
گرژییەکان کاریگەریی تووندیان لەسەر ئابووریی ئێرانیش داناوە؛ رۆژی چوارشەممە بەهای تمەن نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمارکرد و لە بازاڕەکانی تاران یەک دۆلاری ئەمریکی بە دوو ملیۆن و 200 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا، کە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی 10٪ی بەهاکەی لەدەستداوە.
لە رووی دیپلۆماسییەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گوشار دەخەنە سەر ئەو وڵاتانەی هێشتا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن تاوەکو پەیوەندییەکانیان بپچڕێنن و گوتی: "خێراترین رێگە بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە ئەوەیە کە هیچ کەسێک پاڵپشتیی ئەم رژێمە نەکات."
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نێوەندگیری
هاوکات، وەزیرانی دەرەوەی میسر و قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هۆشدارییان لە مەترسییەکانی فراوانبوونی جەنگەکە دا و داوایان لە ئەمریکا و ئێران کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی عەرەبیش هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئوردن بە "دەستدرێژییەکی دڕندانە" ناوبرد.
هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە بەردەوامن؛ شی جینپینگ، سەرۆکی چین و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە قاهیرە کۆبوونەوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئارامکردنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگەیاند. لە هەمان کاتدا پاکستان نێوەندگیری دەکات؛ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەراوێزی لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگەهای لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی تاران و واشنتن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
رووداوێکی شێلان لە مەشهەد
لە رووداوێکی جیادا لە نێوخۆی ئێران، درەنگانی شەوی سێشەممە لە شاری مەشهەد، کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بە نێو کۆبوونەوەیەکی خەڵکدا کێشا. بەپێی ئاژانسی ئێرنا لە رووداوەکەدا چوار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 کەسیش بریندار بوون. پۆلیسی هاتووچۆی ناوچەکە بە ئاژانسی فارس-ی راگەیاندووە، رووداوەکە تەنیا رووداوێکی هاتووچۆ بووە و پێدەچێت شۆفێرەکە لە ژێر کاریگەریی کحول یان مادەی هۆشبەردا بووبێت.
