رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، ستراتیژیی ئەو رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی تاران و بڕینی "قۆڵەکانی" ئێرانە لە ناوچەکەدا. دەشڵێت، هێزە ئاسمانییەکانیان لە هەر ساتێکدا بێت ئامادەن بۆ بۆردوومانکردنەوەی ئێران.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە چارەنووسی دۆسیەی ئێران دوای هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی، نەتەنیاهوو گوتی: "مەبەستی من ئەوە بووە کە لە کۆتاییدا رووبەڕووی ئێران ببینەوە، قۆڵەکانی ببڕین و هەڕەشەکانی لەناو ببەین."
ئەم هەڕەشانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدان، کە بڕیارە رۆژی 27ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوە بچێت. بەپێی دوایین راپرسییەکان، نەتەنیاهوو و هاوپەیمانەکانی پێناچێت بتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تیشکی خستە سەر توانای سەربازیی وڵاتەکەی و گوتی: "فڕۆکەوانەکانمان پێشتر لەوێ (لە ئێران) بوون و دەتوانن لە هەر ساتێکدا بێت بگەڕێنەوە ئەوێ." جەختیشی کردەوە کە سوورن لەسەر لەناوبردنی هەموو ئەو هەڕەشانەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست دەکەن.
نەتەنیاهوو باسی لە چالاکییە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، عومان گڕۆفمان، سەرۆکی مۆساد، بەردەوام کار بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان لە ناوخۆی ئێراندا دەکات. گوتیشی: "هەموو ئەم ئەرکە ئەمنییانە لەژێر سەرکردایەتیی مندا دەکرێن و ئامانجمان تێکشکاندنی سەرچاوەی هەڕەشەکانە."
لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران. لە بەرامبەردا تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و لە 2ـی ئادارەوە، وەک پەرچەکردارێک، تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتیوانیدا داخست، کە تاوەکو ئێستا کێشەیەکی گەورەی بۆ بازاڕی وزەی جیهان دروست کردووە.
