رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئێران دەکات، کە شەوی رابردوو لە "رێگەی مووشەک و درۆنەوە" کرانە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، شانشینی بەحرێن، دەوڵەتی کوێت و شانشینی ئوردن.
رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەم هێرشە دووژمنکارییانە پێشێلکردنێکی زەقی سەروەریی وڵاتانی دۆست و هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئیمارات هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق، بەحرێن، کوێت و ئوردن دووپات کردەوە؛ هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو ئەو رێکارانە دەربڕی کە ئەم وڵاتانە دەیگرنەبەر بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی خاکەکەیان.
ئەم هەڵوێستەی ئیمارات دوای ئەوە دێت کە دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 10 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر لە ماوەی زیاتر لە دوو کاژێردا تێکشکێندراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026، لە کاژێر 01:13 تاوەکو 03:31، هێزەکانی هاوپەیمانان 10 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە سنووری ئاسمانی پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستنە خوارەوە."
وەکو دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی پێداوە، درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە."
شەوی سێشەممە 01-09-2026، سوپای ئەمریکا شەپۆلێکی چڕی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئاسمانی و دەریایی ئێران دەستپێکرد.
لە بەرامبەردا میدیای ئێران بڵاویکردەوە، هێزە چەکدارەکانیان "ئۆپەراسیۆنێکی یەکلاکەرەوە"یان دژی ئامانجەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە. سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنیی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کوێت، بەحرێن و هەرێمی کوردستان کرد.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر وڵاتانی ناوچەکە.

