رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 33 گەنجی دیکەی کورد لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان. راشیگەیاند تاوەکو ئێستا توانیویانە زیاتر لە 300 گەنج لە لیبیا بگەڕێننەوە.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک هاونیشتمانی لە لیبیا گەیشتە حکومەت، مەسرور بارزانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کە بەپەلە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە، رزگارکردن و هێنانەوەیان.
بەپێی راگەیێندراوەکە، تەواوی مامەڵە یاساییەکانی ئەو 33 هاونیشتمانییە تەواو بووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگەیێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە دۆخی سەختی ئەو گەنجانە کردووە و رایگەیاندووە، هەندێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندینخانەکانی لیبیادا بوون و لەو ماوەیەدا بەردەوام رووبەڕووی مەترسیی مردن بوونەتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە هۆشداریی دایە گەنجان و خێزانەکانیان و باسی لە گرنگیی خۆپارێزی لە کۆچی نایاسایی کردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاریی یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی تووندی یاسایی بەدوادا دێت."
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 302 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخی جیاواز رزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە چەند رۆژی داهاتووشدا ئەو 33 کۆچبەرەی دیکە دەگەنەوە ناو خێزانەکانیان.


