رووداو دیجیتاڵ
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان خۆیان بۆ هەر هێرشێکی ئێران ئامادە کردووە و ئەگەر تاران هێرشیان بکاتە سەر، بە "هێزێکی گەورەوە" وەڵامی دەدەنەوە.
کاتس رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوول، بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاند، ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشێکی ئێران لە ماوەی جەژنە ئاینییەکانی جووەکاندا ئامادە کردووە. جەژنەکان لە نیوەی ئەم مانگەوە دەست پێ دەکەن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "تاوەکو ئێستا، هێرش دەکەنە سەر سەرانسەری ناوچەکە، جگە لە ئێمە."
بە گوتەی کاتس، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و هێزەکانیان لە رووی بەرگرییەوە خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە کردووە.
وەزیرەکە هۆشداریی دا، ئەگەر ئێران هێرش بکات، ئیسرائیل "بە هێزێکی زۆر و بێ هیچ لایەنێکی دیکە" وەڵام دەداتەوە و گوتی: "فڕۆکەکانمان ئامادەن بفڕن."
هۆشدارییەکە دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، ئێران لە وەڵامی شەپۆلێکی فراوانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی، چەندین هێرشی کردە سەر پێگە و شوێنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، پێگەکانی ئەمریکای لە ئوردن، ئیمارات، کوێت، بەحرێن و هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
ئەمە تووندترین هێرشی هەردوو لایە بۆسەر یەکدی لە چەند هەفتەی رابردوودا، لە جەنگێکدا کە پێی ناوەتە مانگی حەفتەمییەوە.
ئیسرائیل کە لە کۆتایی شوبات لەگەڵ ئەمریکا دەستی بە جەنگەکە کرد لە دژی ئێران، لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نیساندا گەیشتە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەگەڵ تاران، راستەوخۆ بەشداریی هێرشە سەربازییەکان نەکردووە.
کاتس دەڵێت، ئێران حەز دەکات لە جەژنە ئاینییەکانی جووەکاندا هێرش بکات و گوتی: "بەڵام ئێمە لە رووی بەرگری و هێرشەوە ئامادەین و لەم بارەیەوە لەگەڵ ئەمریکا لە هاوئاهەنگیداین."
ئێران بە فەرمی وەک وڵات دان بە ئیسرائیلدا نانێت و پشتگیریی گرووپە چەکدارەکانی دژ بە ئیسرائیل، لەوانە حەماس دەکات.
ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەکەدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی کوشت.
ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دوای ئەوە هەڵوەشایەوە کە ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز؛ رێڕەوێکی ستراتیجی کە کەنداو بە دەریای عومانەوە دەبەستێتەوە و تاران وەک یەکێک لە کارتــە سەرەکییەکانی گوشار بەکاری دەهێنێت.



