رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئێران نزیکەی
حەوت هەفتەیە هیچ بڕێکی بەرچاوی نەوتی خاوی لەرێگەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە نەکردووە.
ئەوەش دوای ئەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە بڕینی یەکێک لە سەرچاوە
سەرەکییەکانی داهاتی دراوی بیانی تاران، کە سزاکانی ساڵانی رابردوو نەیتوانیبوو ئەو
کارە بکات.
بەپێچەوانەی سزاکانی پێشوو، کە تێیدا
نەوتی ئێران سەرەڕای بەربەستەکان دەگەیشتە کڕیاران، گەمارۆ دەریاییەکەی ئێستا رێگری
کردووە لە گەیشتنی بارە نەوتە نوێیەکان بۆ چین، کە تاکە کڕیاری سەرەکیی ئێرانییە.
ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بودجەی حکومەت و یەدەگی دراوی بیانیی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی ئاماری کۆمپانیاکانی ( کێپلەر)،
( ڤۆرتێکسا) و ( تانکەر تراکەر)، لەوەتەی
ئەمریکا لە 14ی تەممووزەوە و وەک بەشێک لە جەنگی شەش مانگی گەمارۆی دەریایی خستووەتە
سەر ئێران، هیچ بارێکی نەوتی ئەو وڵاتە بە سەرکەوتوویی لە تەنگەی هورمزەوە بەرەو چین
تێنەپەڕیوە.
بەهۆی ئەوەشەوە، ئێران تەنیا دەتوانێت
ئەو نەوتە بە چین بفرۆشێت کە پێشتر لە کۆگاکانی سەر ئاو لە ئاسیادا هەیبووە، ئێستاش
ناتوانێت ئەو کۆگایانە پڕبکاتەوە، چونکە نەوتە خاوەکە لەناو تانکەرەکاندا لە ناوخۆی
تەنگەی هورمز کۆبووەتەوە و گیری خواردووە.
کلێر جۆنگمان، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای
( ڤۆرتێکسا) دەڵێت، "تەنانەت لە لوتکەی سزاکانی (ئەوپەڕی فشار) لە ساڵانی
2019-2020، هەموو مانگێک بڕێک لە نەوتی ئێران لە هورمزەوە تێدەپەڕی؛ هیچ کاتێک هەناردەی
نەوتەکە بۆ نزیکەی سفر کەم نەببووەوە."
بەپێی خەمڵاندنەکانی (ڤۆرتێکسا) و ( کێپلەر)،
ئێران لە مانگی ئابدا رۆژانە نزیکەی 220 هەزار بۆ 255 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی
بارکردووە، لەکاتێکدا لە مانگی تەممووزدا رۆژانە 740 هەزار بەرمیل و لە مانگی
ئازاریشدا نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل بووە.
هومایون فەلەکشاهی، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای
کێپلەر پێیوایە داڕمانی هەناردەی نەوت، یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی دراوی
بیانی ئێران وشک دەکات و رەنگە تاران ناچار بکات بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی پەنا بۆ
چاپکردنی پارە ببات، ئەوەش مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری هەڵاوسانی لێدەکرێت.
سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) مەزەندە دەکات رێژەی هەڵاوسان لە ئێران ئەمساڵ بگاتە نزیکەی 70%، کە ئەوەش
سێیەم بەرزترین رێژەی هەڵاوسانە لە جیهاندا لە دوای وڵاتانی ڤەنزوێلا و سوودان.
هەفتەی رابردوو واشنتن هەوڵیدا گوشارەکان
زیاتر بکات لەرێگەی هەڕەشەکردن لەو وڵاتانەی بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ
تاران، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ سزایەکی دەستبەجێی بەسەردا نەسەپاندوون.


