رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتایەکی سەرەتایی کەشتیوانی کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، رۆژی سێشەممە 01-09-2026 تەنیا چوار کەشتیی بازرگانی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، کە بەراورد بە رۆژێک پێشتر (10 کەشتی) کەمیکردووە و لە خوار تێکڕای 10 رۆژی رابردووشەوەیە کە نزیکەی 13 کەشتی بووە.
بەپێی داتا سەرەتاییەکانی کۆمپانیای (کپلەر - Kpler) بۆ چاودێریکردنی کەشتییەکان، ئەو چوار کەشتییەی تێپەڕیون پێکهاتبوون لە؛ کەشتییەکی گەورەی هەڵگری نەوتی خاو، کەشتییەکی نەوتهەڵگری جۆری پاناماکس، کەشتییەکی بارهەڵگری کامسارماکس و کەشتییەکی نەوتهەڵگری مامناوەند. لەو چوار کەشتییەش، یەکێکیان دەچووە نێو تەنگەکەوە و سێ کەشتییەکەی دیکەش لێی دەچوونە دەرەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پێدەچێت ئەم ئامارانە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، چونکە زۆرجار هەندێک کەشتی لە کاتی گەشتەکانیاندا ئامێری پەیوەندییان دەکوژێننەوە.
ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە، ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ئێران، ئەمەش وەڵامدانەوەی ئێرانی لێکەوتەوە و بووە هۆی مەترسیدارترین هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا.
سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی ئەمریکا "قوفڵی سەر تەنگەی هورمز تووندتر دەکەن."
هاوکات رۆژی سێشەممە 18 کەشتیی بازرگانی بە تەنگەی بابولمەندەبدا تێپەڕیون، کە یەکێکی دیکەیە لە رێڕۆیە ئاوییە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ حەوت کەشتییان چوونەتە نێو تەنگەەکە و 11 کەشتیش لێی چوونەتە دەرەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تێکڕای تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە بابولمەندەبدا لە 10 رۆژی رابردوودا نزیکەی 24 کەشتی بووە. لە نێو ئەو کەشتییانەی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون، دوو نەوتهەڵگری جۆری ئافراماکس و یەک نەوتهەڵگری جۆری سوێزماکس هەبوون.


