رووداو دیجیتاڵ
شەڕ و پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیان پێکردەوە. هێزەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا هێرشیان کردە سەر سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێران لە دوورگەی لارک. واشنتن رایگەیاند، ئامانج لەم هێرشە رێگریکردن بووە لە ئێران بۆ چاندنی مین لە رێڕۆ سەرەکییەکانی کەشتیوانی. ئێرانیش بە ئامانجگرتنی چەند ناوچەیەک وەڵامی دایەوە.
شەوی سێشەممە 01-09-2026، سوپای ئەمریکا شەپۆلێکی چڕتری هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئاسمانی و دەریایی ئێران دەستپێکرد.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی، رادارەکان، دامەزراوە دەریاییەکان، تواناکانی مینڕێژکردن و پێگەکانی پەیوەندیکردنی سوپای پاسداران کۆتایی پێهێناوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکان وەڵامێک بوون بۆ هەوڵەکانی ئێران بۆ چاندنی مینی دەریایی و هەڵدانی هەشت مووشەک بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن کە سەرجەمیان تێکشکێندرابوون.
لە بەرامبەردا، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی بەندەر عەباس، دوورگەی قیشم و دوورگەی لاڤان (کە وێستگەیەکی هەناردەکردنی نەوتە) بیستراون.
هەروەها فڕۆکەخانەی جیرۆفت لە پارێزگەی کرمان کرایە ئامانج بەبێ ئەوەی زیان بە شوێنی فڕین یان بیناکانی بگات، چوار مووشەکیش بەر ناوچەکانی چابەهار و کۆنارەک کەوتن.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی خوزستان رایگەیاند، ئەمریکا هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ناوچەکانی دەوروبەری ئەهواز و ئاغاجاری.
لە رووداوێکی دیکەدا، مانگی سوور و میدیای فەرمیی ئێران بڵاویانکردەوە، پاشماوەی مووشەکێکی ئەمریکی بەر زەماوەندێک لە شاری کوهەستەک لە پارێزگەی سیریک کەوتووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی چوار کەس (لە نێویاندا منداڵێک) و برینداربوونی زیاتر لە 50 کەس.
سێنتکۆم لەسەر زاری تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەییەکە ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، سوپای ئەمریکا بەپێچەوانەی سوپای پاسدارانەوە هەرگیز خەڵکی سڤیل ناکاتە ئامانج، بەڵکو ئەم هێرشانە وەڵام بوون بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە.
ئۆپەراسیۆنی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا
دوای ئەم هێرشانە، میدیای ئێران بڵاویکردەوە، هێزە چەکدارەکانیان "ئۆپەراسیۆنێکی یەکلاکەرەوە"ـیان دژی ئامانجەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە.
بەرەبەیانی زووی رۆژی چوارشەممە 02-09-2026، سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کوێت، بەحرێن و هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
لە ئوردن، سوپای پاسداران هێرشێکی چڕی بە مووشەکی بالیستیکی کردە سەر بنکەی مەشقی مارێنزی ئەمریکا ناسراو بە (کەمپ تیتین) لە کەنداوی عەقەبە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل و سعودیە.
سوپای ئوردن رایگەیاند، 10 مووشەکی ئێرانییان لە ئاسماندا تێکشکاندووە و سێ مووشەکیش لە ناوچە چۆڵەکان کەوتوونەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
لە کوێت، سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانییان بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی و درۆنی داوەتەوە و داوای لە هاووڵاتیان کرد رێنماییەکان جێبەجێ بکەن.
لە بەحرێنیش، دوای بیستنی زەنگی ئاگادارکردنەوە، سوپای ئێران رایگەیاند، رادار و پێگەکانی کۆبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسا بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کردووەتە ئامانج.
هەر هەمان بەرەبەیان، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، بە مووشەک و درۆن بنکەکانی ئەمریکایان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "ناوەندێکی چاککردنەوە، کۆگەکانی کەرەستەی تەکنیکی و سیستمی رێنماییکردنی باڵۆنی سیخووڕیی ئەمریکا وێران کراون، هەروەها کۆگەکانی سووتەمەنی بنکەکە سووتێنراون" کە بە گوتەی سوپای پاسداران بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی.
هۆشدارییە تووندەکانی سوپای پاسداران بە وڵاتانی ناوچەکە
لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران هۆشداریی تووندیان دایە وڵاتانی ناوچەکە.
لە راگەیێندراوی ژمارە شەشی سوپای پاسداراندا باس لەوە کرا، ئەمریکا پێشتر لە میناب و لامێرد نزیکەی 200 منداڵی کوشتووە و لە ئاهەنگەکەی سیریکیش نزیکەی 70 کەسی خەڵتانی خوێن کردووە، "بۆیە کاتی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەمریکا هاتووە."
سوپای پاسداران راستەوخۆ هۆشداری دایە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت کوێت، بەحرێن و ئوردن، کە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان دەرنەکەن و بنکەکانیان لێ نەسەننەوە، ئەوا لە هەر شوێنێکەوە هێرش بکرێتە سەر ئێران، رووبەڕووی وەڵامی کوشندە و وێرانکەر دەبنەوە.
لە هەمان کاتدا، قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی ئەمریکا بەردەوام دەبێت، هەر وڵاتێکیش هاوکاریی سوپای ئەمریکا بکات، "دەبێت دەرەنجامە مەترسیدارەکانی لەئەستۆ بگرێت."

