رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هورمزگانی ئێران دەڵێ، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکادا ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و سڤیلنشین لە شارۆچکەی کوهستەک کراوەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای هورمزگان ئەمڕۆ سێشەممە 01-09-2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ناوچەیەکی سڤیلنشینیان بۆردوومان کردووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دووژمنی ئەمریکی لە هێرشێکی دڕندانەدا بۆسەر خاکی وڵاتەکەمان، ناوچەی نیشتەجێبوونی کوهێستەکی کردە ئامانج."
ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، لە هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سیریک، دوو کەس کوژران و 20 کەسیش بریندار بوون.
میدیای ئێرانیش بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەدا 2 کەس کوژراون و نزیکەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها میدیای ئێران دەڵێت، لە هێرشەکانی ئەمشەوی ئەمریکادا کارگەیەکی ئالیکی ماسی لە دوورگەی قشم و بورجێکی بەڕێوەبەرایەتیی بەندەرەکان لە سیریک کراونەتە ئامانج.
ئەمڕۆ ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا(سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران. لەبەرامبەردا ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، گورزێکی کەمەرشکێن لە ئەمریکا دەدات.



.jpg&w=3840&q=75)