رووداو دیجیتاڵ
جەدعون ساعر، وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە ئەگەر بەریتانیا بەهۆى پڕۆژەى نیشتەجێبوونی (E1)ـەوە سزا بەسەر تەل ئەڤیڤدا بسەپێنێت، ئەوا ئیسرائیل "ئامرازى پێویست"ى هەیە بۆ وەڵامدانەوەى ئەو وڵاتە و تەنیا تەماشاکار نابێت.
رۆژى سێشەممە، 1ی ئەیلوول، جدعون ساعر لە لێدوانێکی بۆ میدیاى وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەگەر بەریتانیا دژی ئیسرائیل بجووڵێتەوە، ئیسرائیلیش دژی بەریتانیا دەجووڵێتەوە."
ئەم لێدوانەى ساعر دواى ئەوە هات کە لە هەمان رۆژ ئێد میلیباند، وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى وڵاتەکەى رایگەیاند، لەندەن لە چەند هەفتەى داهاتوودا پاکێجێکى گشتگیرى رێکارەکان دژی نیشتەجێبوونى ئیسرائیلییەکان لە کەرتی رۆژئاوا رادەگەیێنێت.
ساعر ئاماژەى بەوە کرد، حکومەتى ئێستاى بەریتانیا بە شێوەیەکى سیستماتیک دژی ئیسرائیل کاردەکات و گوتی: "ئەوان پێشتریش زیانیان بە هەناردەى بەرگریى ئێمە گەیاندووە و سزایان بەسەر وەزیرەکانماندا سەپاندووە. ئەوەى ئاراستەیان دەکات تەنیا سیاسەتى نێوخۆیی و کۆنفرانسى پارتى کارە." وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل رەتیکردەوە وردەکاریى وەڵامەکانى وڵاتەکەى ئاشکرا بکات، بەڵام گوتی: "ئەوان هەڵەیەکى گەورە دەکەن و ئەنجامەکەی بە پێچەوانەى خەونەکانیان بۆ دەشکێتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، ئێد میڵیباند لەبەردەم یاسادانەرانى وڵاتەکەیدا سەرکۆنەى پرۆژى نیشتەجێیەکانى ئیسرائیل کرد و بە "تیرۆرى نیشتەجێبووان" بەرامبەر فەلەستینییەکان ناوی برد. میلیباند گوتی: "لە چەند هەفتەى رابردوودا بینیمان چۆن فەلەستینییەکان لە ماڵەکانیان دەردەکرێن. حکومەتى بەریتانیا رێگە نادات چارەسەرى دوو دەوڵەتی تێکبدرێ؛" ئاماژەى بەوەش کرد، بەریتانیا نایەوێت کۆمپانیاکانیان بە هیچ شێوەیەک "پارەدارکردن، بیناسازی، یان ریکلام" بۆ نیشتەجێبوونى نوێی جووەکان لە کەرتی رۆژئاوا بکەن.
پڕۆژەى (E1) کە ئیسرائیل دەیەوێ لە رۆژهەڵاتى قودس- ئورشەلیم جێبەجێى بکات، بە یەکێک لەو پڕۆژانە دادەنرێ کە رەخنەی زۆری لێ دەگیرێ، چونکە باکوور و باشوورى کەنارى رۆژئاوا لە یەکدی دادەبڕێ و دەبێتە کۆسپێکى گەورە لەبەردەم دروستبوونى دەوڵەتێکى فەلەستینیى یەکپارچە.


.jpg&w=3840&q=75)
