رووداو دیجیتاڵ
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئەمریکادا بۆسەر پارێزگاکانی هورمزگان و سیستان و بەلووچستانی وڵاتەکەی، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات و دەڵێ، وەڵامی تووندیان دەبێ.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1-09-2026، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بنکەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیادا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە: "لە وەڵامی دەستدرێژیی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا بۆسەر چەند خاڵێک لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان و هورمزگان، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گورزی کەمەرشكێن لە دووژمنی دۆڕاو و شەڕەنگێزی ئەمریکی دەدەین."
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە واشنتن و هاتووە: "سوپای تیرۆریستی ئەمریکا تاوەکو زیاتر سوور بێت لەسەر شەڕخوازی لە ناوچەکەدا، دەبێت باج و زیانی زۆر قورستر لە ئەستۆ بگرێ."
هێزە چەکدارەکانی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە پاشەکشە ناکەن و دەڵێن: "چەندین جار رامانگەیاندووە و بڕیارمان داوە کە لە هیچ دۆخێکدا دەستبەرداری مافەکانی گەلی قارەمانی ئێران نابین و دووژمن باجی زۆر قورس دەدا."
ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا( سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران و میدیای فەرمی ئێرانیش پشتڕاستی کردەوە کە دوورگەی قشم، شارەکانی بەندەر عەباس و سیریک لە پارێزگای هورمزگان و شارەکانی چابەهار و کونارەک لە سیستان و بەلووچستان لەلایەن ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج.

.jpg&w=3840&q=75)
