رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازی بەرامبەر گەمارۆدانی دەریایی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێ، ئەگەر رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران لە کەنداو بکرێ، رێگە بە هیچ وڵاتێک نادرێت نەوت هەناردە بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 01-09-2026 محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێکدا باسی لە دوایین پێشهاتە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "گەمارۆی دەریایی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەیەکی سەربازییە و ئێمەش بە شێوازی سەربازی وەڵامی دەدەینەوە. ئەگەر دووژمن بیەوێ رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە کەنداو بکات، با بزانن کە هیچ کەسێک ناتوانێت لە کەنداو نەوت هەناردە بکات. ئەمە بڕیاری ئێمە بووە و دەبێت."
"بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز"
قالیباف باسی لە سنووردارکردنی جووڵە لە تەنگەی هورمز کرد و گوتی، "ئێمە بەسەر تەواوی تەنگەی هورمزدا باڵادەستین. پێشتر رۆژانە لانیکەم 120 کەشتی هاتووچۆیان تێدا دەکرد، بەڵام ئێستا رەنگە لە هەندێک شەودا تەنیا دوو بۆ سێ کەشتی تێپەڕن. ئەوان بە پێچەوانەی رێککەوتنەکان دەیانەوێ لە رێڕەوی باشووری تەنگەکەوە تێپەڕبن، بەڵام ئێمە هەرگیز رێگەمان بە رێگەیەکی لەو شێوەیە نەداوە و نایشی دەین. زلهێزە ئابوورییەکانی جیهان توانای تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان بە تەنگەکەدا لەدەستداوە. هەربۆیە دەستبەرداری کارتی بەهێزی تەنگەی هورمز نەبووین و نابین."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە رێککەوتنی ئەم دواییەی تاران لەگەڵ عومان کرد و گوتی، "لەپاڵ دەسەڵاتی سەربازی، لە بواری دیپلۆماسیشدا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە، بەتایبەت ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عومان کرا کە بەشێکی گرنگی تەنگەکەیە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، رێککەوتن لەسەر تەنگەکە دەبێت لەنێوان دوو وڵاتی کەناراوی ئێران و عومانە، ئەمەش بە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی ئێران دەبێت و رێگە بە دەستوەردانی ئەمریکییەکان و هیچ لایەنێکی دیکە نادەین."
قالیباف باسی لە ئەزموونی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کرد و گوتی، "لە رۆژی یەکەمەوە بە بێ متمانەییەوە چووینە نێو دانوستاندنەکان. ئێستاش یان بە هێزی لۆژیک یان بە هێزی زۆر داواکارییە رەواکانمان دەسەپێنین و هەرگیز لەبواری سیاسی و سەربازی ملکەچ نابین."
کێشەی بەنزین
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووری و پرسی سووتەمەنی لە وڵاتەکەی و گوتی، "ئەمریکا لە جەنگی ئابووریدا زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر رەهەندی دەروونی؛ بینیتان کە بەم دواییە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا قسە و باسی زۆری دروستکرد، کاتێک کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئەنجامدا و جارێکی دیکە گەڕایەوە و هەمان قسەکانی پێشووی دووبارە کردەوە."
قالیباف جەختی لە پێویستیی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە کردەوە و گوتی، "ئاشکرایە بەکارهێنان بەرزە و کورتهێنانمان هەیە، کە بەشێکی پەیوەندی بە کەرتی پیشەسازییەوە هەیە، بەڵام دەبێت بە هاوکاریی خەڵک دەست بە بەکارهێنانی وزە و بەنزین و کارەباوە بگرین بۆ ئەوەی گوشار لەسەر خەڵک کەمبکرێتەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، قالیباف داوای لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و رایگەیاند، "هێشتا لە شەڕداین، بەتایبەت لە جەنگی ئابووری و تێکەڵاودا"؛ هەروەها گوتیشی دەبێت دووربکەونەوە لە دروستکردنی هەر دووبەرەکی و جەنجاڵییەک کە هیوا بداتە "دووژمن."
.jpg&w=3840&q=75)

