رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران لە لووتکەی شانگهای رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بگەڕێتەوە سەر پابەندییەکانی لە لێکتێگەیشتنی "ئیسلام ئاباد"، بەو مەرجەی ئەمریکاش هەمان هەنگاو بنێت. پزیشکیان واشنتنی بە پێشێلکردنی بەڵێنەکان تۆمەتبار کرد و جەختی لە "مێژووی گەشی" ئێران لە جێبەجێکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، لە گوتارێکدا لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە قرقیزستان رایگەیاند: "من بە راشکاوی دەڵێم، ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوە سەر پابەندییەکانی لەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەستبەجێ هەمان کار دەکات."
مەرجەکانی تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز
لێدوانەکانی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 6 مەرجی سەرەکیی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز راگەیاندبوو، کە دیارترینیان بریتین لە:
- پێدانی قەرەبووی زیانەکانی دوو جەنگی 12 رۆژە و 40 رۆژە.
- لادانی گشت گەمارۆکان.
- ئازادکردنی "بێ مەرجی" داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە دەرەوە.
لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام ئاباد لە رۆژی 18-06-2026 لە نێوان سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی ئەمریکا واژۆ کرابوو، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانی مانگی تەممووزەوە هەڵوەشایەوە.
لە سەرەتای مانگی تەممووزی ئەم ساڵدا، دوای ئەوەی ئێران هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر، سوپای ئەمریکا بۆ ماوەی 2 هەفتە هێرشی کردە سەر چەندین پێگەی جیاواز لە ناوخۆی ئێران. لە بەرامبەردا، هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێرشی مووشەکی و درۆنی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان کردە ئامانج، ئەمەش کۆتایی بەو لێکتێگەیشتنە دیپلۆماسییە هێنا کە هیوا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دروست کردبوو.


.jpg&w=3840&q=75)
