رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی دادای ئێران دەڵێت، ئەمریکا خەریکی ئامادەکارییە بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی؛ هەڕەشەش دەکات، ''لە ئەگەری هەر هەڵەیەکی لەم شێوەیە، وەڵامێکی تووندی خۆی و بەکرێگیراوانی دەدەینەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 31-08-2026، غوڵامحوسێن موحسنیی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی باڵای دەسەڵاتەکە، ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە لە ئێراندا دەدات و رایگەیاند، ''دووژمن سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران.''
بە گوتەی موحسنیی ئیژەیی، ئەمریکا لە رێگەی ''بەکرێگیراوان''ـییەوە لە نێوخۆی ئێران لە هەوڵەکەی بەردەوامە، ''بەڵام لە ئەگەری هەر هەڵەیەک، وەڵامێکی تووندی خۆی و بەکرێگیراوانی دەدەینەوە.''
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەییدان.
ئیژەیی هۆشداریش دەدات، ''لە بواری دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە بیانەوێت ئاسایشی خەڵک و وڵات تێکبدەن، لە هەموو کاتێک بڕیاردەرانەتر کار دەکەین''.
هۆشدارییەکەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لەکاتێکدایە، لە سەرەتای خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران کە 28-12-2025 دەستیانپێکرد، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپێشاندەران بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی وڵاتەکەیان، زیندانی کران و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
بەپێی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە هرانا، 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران.
دەسەڵاتی دادی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، سزای ئەو کەسانەی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، بە خێرایی جێبەجێ دەکرێ.



