رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی هاوپەیمانیی مەککە لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە و بڕیاریاندا بارەگای سەرەکیی هاوپەیمانێتییەکە لە سعودیە بێت، سێ ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانێتییەکەش لای پاکستان بێت.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی تورکیا، سعودیە و پاکستان بەڕێوەچوو، بەرپرسانی سەربازیی هەر سێ وڵاتەکەش لە ئاستی باڵادا بەشدار بوون.
دوای کۆبوونەوەکە، لیژنەی ستراتیژیی سیاسەت و بەرگریی هاوپەیمانیی مەککە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و بڕیارە گرنگەکانی خستەڕوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەر سێ وڵات رێککەوتوون بارەگای سەرەکی هاوپەیمانیی مەککە لە سعودیە بێت، ئەمیندارێتییەک بۆ هاوپەیمانێتییەکە دروست بکرێ و سێ ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لای پاکستان بێت.
هاوپەیمانیی مەککە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بە دەستپێکی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەنقەرە، ریاز و ئیسلام ئاباد ناوبردووە، ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەی وەک ئامانجی یەکەمی هاوپەیمانێتییەکە ناساندووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر سێ وڵات رێککەوتوون هەنگاو بنرێت بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییە بەرگرییەکانی نێوانیان، لە پیشەسازیی بەرگری و تەکنەلۆجیای سەربازیدا هەماهەنگی یەکدی بکەن.
رۆژی 7ی ئەم مانگە، تورکیا و پاکستان و سعودیە رێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشیان لە شاری مەککە واژۆکرد، دواتر رێککەوتنەکەیان بەناوی هاوپەیمانیی مەککە ناساند.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەر سێ وڵات پابەندن بە بەرگریکردن لە یەکدی، لە ئەگەری هێرشی هەر لایەنێک بۆ سەر یەکێکیان.
رێککەوتنەکە هەوڵێکی ئەو سێ وڵاتەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی مەترسییەکانی سەر کەرتی وزە و سەروەری وڵاتانی ناوچەکە.

.jpg&w=3840&q=75)

