رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران سزاکانی ئەمریکا زۆر بە جیدی وەردەگرێت و سەرکردەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییانەوە تووشی شۆک بوون، هاوکات هۆشداریی دا، کۆتایی بە دەسەڵاتی 47 ساڵەی ئەو رژێمە دەهێنن.
لێدوانەکانی بێسێنت لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران پێیان ناوەتە شەشەمین مانگەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەم هەفتانەی دواییدا لەبری هێرشی سەربازی، زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر "جەنگی ئابووری".
لە لێدوانەکانیدا سەبارەت بە رەوشی ئێران، رۆژی دووشەممە 31-08-2026 وەزیری گەنجینەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر دۆخی نێوخۆی ئەو وڵاتە و گوتی: "ئێمە دەبینین لە ئێران خەڵک بۆ بەدەستهێنانی بەنزین 3 بۆ 4 کاژێر لە سەرەدا دەوەستن. ئێران پەنا بۆ هێرشی سەربازی دەبات، چونکە لە رووی ئابوورییەوە خەریکە دەدۆڕێت."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سوپاسی یەکێتیی ئەورووپا دەکات بۆ پاڵپشتیکردنیان لە (ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری).
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک سەبارەت بەوەی ئایا کاتی دیاریکراو هەیە بۆ هەرەسهێنانی ئابووریی ئێران، بێسێنت روونیکردەوە: "پێویست ناکات ئابوورییەکەیان هەرەس بهێنێت، ئێمە تەنیا دەمانەوێت رژێمەکە بە هۆش خۆی بێتەوە." هەروەها گوتی، "پێکەوە، ئەم گرووپە کۆتایی بەو دەسەڵاتە ترسناکە 47 ساڵەیە دەهێنێت کە هەیانبووە."
دروستبوونی سەرەی درێژی بەنزین لە ئێران کە بێسێنت ئاماژەی پێ کرد، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا خستوویەتییە سەر بەندەرەکانی ئێران، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی سووتەمەنی لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆی کێشەی کەمیی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی هەیە.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ نوێبوونەوەی پێکدادانەکان؛ ئەمڕۆ دووشەممە ئێران هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن و ئیمارات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی ئێران لە دوورگەی لارک، کە بە گوتەی واشنتن دەیانویست مین لە نێو تەنگەی هورمزدا بچێنن.

.jpg&w=3840&q=75)

