رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قیشم رایگەیاند، لە هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارک، دوو کەس کوژراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026 حوسێن ئەمیر تەیمووری، قایمقامی قیشم رایگەیاند، جگە لە کوژرانی ئەو دوو کەسە، ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، ئەو کەسەی بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون، ئەندامی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانن.
شەوی یەکشەممە 31-08-2026، دوای بەئامانجگرتنی نەوتهەڵگرێک لە تەنگەی هورمز، میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، هێرشی درۆنی کراوەتە سەر دوورگەی لارک لە باشووری وڵاتەکە.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکییش رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی مووشەکییان لە دوورگەکە کردووەتەوە ئامانج. ئەمە یەکەم هێرشی راگەیێندراوی ئەمریکایە لە کۆتایی تەممووزی رابردووەوە.
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران و سوپای ئێران (ئەرتەش) لە تۆڵەی هێرشەکەدا، چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردە ئامانج.



