رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە، 31ی ئابی 2026، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەرەسەندنێکی نوێی سەربازی لەنێوان واشنتن و تاراندا بە خۆیەوە بینی. ئەمە یەکەم پێکدادانی راستەوخۆیە دوای مانگێک لە هێوربوونەوەی دۆخەکە.
چی روویدا؟
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر بنکە ئاسمانییەکانی شا حوسێن و ئەزرەق (ناسراو بە موەفەق سەڵتی) لە ئوردن کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە. سوپای پاسداران دەڵێ، هێرشەکە ژێرخانی تەکنیکی و شوێنی جێگیرکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای تێکشکاندووە. هەروەها سوپای ئێران (ئارتەش) رایگەیاند، بە دەیان درۆن بنکەی ئاسمانیی مینهاد-یان لە ئیمارات کردووەتە ئامانج. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، هێرشەکان ئامانجەکانیان نەپێکاوە و بنکەکانیان سەلامەتن.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئوردن رایگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی هەشت مووشەک لە ئاسمانی شانشینەکەدا تێکبشکێنێت. ئیماراتیش تێکشکاندنی درۆنێکی لە ئاسمانی سنوورە ئاوییە هەرێمییەکانی راگەیاند. هاوکات ئێران رایگەیاند کە درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9 Reaper)ی لە ئاسمانی تەنگەی هورمز خستووەتە خوارەوە.
بۆچی ئێران هێرشی کرد؟
ئەم هێرشانەی تاران وەک وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارک لە نێو تەنگەی هورمز. واشنتن دەڵێت، هێرشی کردووەتە سەر سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێران گوایە ویستوویەتی بە مووشەک مین فڕێبداتە نێو تەنگەکە. فەرماندەیی نێوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، کارەکەیان "کردەوەیەکی سنووردار و ورد" بووە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاڤانی.
ئاژنسی تەسینیمی نزیک لە سوپای پاسدارانەوە باس لەوە دەکات، ئەمریکا لە رێگەی درۆنەوە هێرشەکەی کردووە کە کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی دووی دیکەی لێ کەوتووەتەوە.
سەرۆکەکان چی دەڵێن؟
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پێش ئەوەی بەرەو قیرغیزستان بەڕێبکەوێت، گوتی: "تاران بەدوای جەنگدا ناگەڕێت، بەڵام لە بەرامبەر هیچ دەستدرێژییەکدا بێدەنگ دانانیشێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە و تێیدا بۆردوومانکردنی دوورگەی خارگ نیشان دەدات. ترەمپ لەسەر ڤیدیۆکە نووسیویەتی: "دوورگەی خارگ پارچە پارچە دەکرێت."
تەنگەی هورمز؛ چەقی ململانێکان
ئێران بە کردەیی تەنگەی هورمزی داخستووە، کە رێڕەوێکی ستراتیجییە و لە کاتی ئاشتیدا یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا دەرباز دەبوو. واشنتن دەڵێت، تەنگەکەی کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام تاران رەتی دەکاتەوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باسی لەوە کرد کە ئەمریکا دەیەوێت بە "زانیاریی چەواشە" کاریگەری بخاتە سەر بازاڕی وزە.
کاریگەرییە ئابووری و سیاسییەکان
بەهۆی ئەم هێرشانەوە، نرخی نەوت بەرزبووەوە. بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە سەروو 90 دۆلار و خاوی تێکساسیش 85 دۆلاری تێپەڕاند.
لە ئەمریکا نرخی سووتەمەنی بەرزبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان. ئەم بابەتە گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر پارتی کۆماریی ترەمپ، بەتایبەت کە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا نزیکدەبنەوە. پێش جەنگ، یەک گالۆن بەنزین (3.7 لیتر) بە دوو دۆلار و 90 سەنت بوو. ئێستا گەیشتووەتە چوار دۆلار و 10 سەنت.
واشنتن ستراتیجیی "جەنگی ئابووری" گرتووەتە بەر و دەیەوێت لە رێگەی گەمارۆی دەریایی و سزای داراییەوە تاران ناچار بە پاشەکشە بکات لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
کۆتایی جەنگ دیارە؟
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە حەوتەم مانگیەوە. هەرچەندە نێوەندگیرەکانی وەک پاکستان و قەتەر هەوڵی ئاشتی دەدەن، بەڵام تاران جەخت دەکاتەوە کە بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادەیە. پیت هیگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) هۆشداری داوە کە ئەگەر پێویست بکات، واشنتن ئامادەیە هێزی سەربازیی زیاتر بەکاربهێنێت.


