رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، تاکە هۆکاری نائارامیی رێڕەوی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا کارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.
رۆژی دووشەممە، 31ی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و هێرشی ئەمریکای بۆسەر دوورگەی لارک سەرکۆنە کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 30-8-2026، سوپای ئەمریکا جارێکی دیکە بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشی کردە سەر دوورگەی لارک کە لە ئەنجامدا چەند کەسێکی سڤیل و سەرباز کوژران و بریندار بوون و زیانیش بە موڵکی گشتی و تایبەت گەیشت.
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: "وەک کاردانەوەی ئەم دەستدرێژییە سەربازییە و بەپێی مافی سرووشتیی بەرگریی رەوا، هێزە چەکدارەکانی ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە ئوردن -کە سەرچاوە و پشتیوانی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکان بۆسەر ئێران، کردە ئامانج."
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا بۆسەر لارک، پێشێلکارییەکی ئاشکرای بڕگەی 4ی مادەی 2ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران وەبیر سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش و هەموو ئەو وڵاتانەی کە نیگەرانیی خۆیان لە بەردەوامیی نائارامی لە کەنداوی فارس و تەنگەی هورمز دەربڕیوە، دەهێنێتەوە کە تاکە هۆکاری نائارامبوونی رێڕەوی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا کردە نایاسایی و دەستدرێژیکارانەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنییە، کە بە هێرش بۆسەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026دەستی پێکرد و لە 6 مانگی رابردوودا بە شێوەی جۆراوجۆر، لەوانە گەمارۆی دەریایی و کردەی دیکەی هاندەرانە و دەستوەردان، بەردەوام بووە".
وەزارەتی دەرەوە باس لەوە دەکات:" هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەکارهێنانی مافی سرووشتیی بەرگریی رەوا دوودڵ نابن و بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی بەهێزی هەر دەستدرێژییەکی سەربازیی دووژمن دەدەنەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت:" ئاشکرایە کە بەرپرسیارێتی تەواوی لێکەوتەکانی کردە نوێیەکانی ئەمریکا و بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی و جەنگی ئابووری دژی ئێران، دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا و هەموو ئەو لایەنانەی بە هەر شێوەیەک لە ئامادەکاری و جێبەجێکردنی کردەوە نایاسایی و سەرپێچیکارانەکانی ئەمریکادا هاوکاری و بەشدارییان کردووە."



