رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی سووریا رایانگەیاند، فەرماندەیەکی سوپایان کوشتووە کە لە سەردەمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریادا خزمەتی کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیدا، تەقەی لێکردوون.
رۆژی یەکشەممە 30-08-2026 لە راگەیێندراوێکدا، هێزە ئەمنییەکان فیراس عەبدولکەریم حەموودیان تۆمەتبار کرد بەوەی بەشداریی لە یاخیبوونەکانی دژی حکومەتدا کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی کارمەندانی ئەمنی.
لە رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە لە کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتدارە ئیسلامییە نوێیەکانی سووریا دەیان بەرپرسی ئەمنیی سەردەمی ئەسەدیان دەستگیرکردووە و دادگاییکردنیشیان لە مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە.
هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاند: "فیراس عەبدولکەریم حەموودمان لە چالاکی خستووە [کوژراوە]. ئەمەش دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری و هەڵکوتانە سەر حەشارگەکەی لە شارۆچکەی سەفیتا" لە پارێزگای تەرتووس، کە بە پێگەی سەرەکیی عەلەوییەکان دادەنرێت. ئاماژەیان بەوەش کردووە، پێشتر ئەو کەسە "لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیدا تەقەی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە."
دەسەڵاتداران دەڵێن: "لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەم دواییەدا، جارێکی دیکە تەقەی کردووە و رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە. ئەمەش پێویستی بە وەڵامدانەوە هەبووە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، حەموود لە سەردەمی ئەسەددا وەک فەرماندەی هێزە تایبەتەکان لە (فیرقەی 25) خزمەتی کردووە. هێزە ئەمنییەکان حەموودیان تۆمەتبار کردووە بەوەی لەژێر فەرمانی غیاس دەلە، ژەنەراڵی سەردەمی ئەسەد کاریکردووە بۆ سەرکردایەتیکردنی گرووپە لایەنگرەکانی ئەسەد لە ناوچە کەناراوییەکان. هەروەها لە "ئۆپەراسیۆنەکانی یاخیبوونی چەکداری" دژی دامەزراوەکانی دەوڵەت تێوەگلاوە.
غیاس دەلە، کە پێشتر ئەفسەر بووە لە (لیوای چوار)، ساڵی 2025 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێکهێنانی (ئەنجوومەنی سەربازی بۆ ئازادکردنی سووریا)ـی راگەیاند. ئەم راگەیاندنە ماوەیەکی کەم پێش ئەو تووندوتیژییە کوشندانە هات، کە کەمینەی عەلەوییەکانی کردە ئامانج (خێزانەکەی ئەسەد سەر بەو کەمینەیەن) و لە مانگی ئاداری 2025 لە کەناراوەکانی سووریا سەریانهەڵدا.
دەسەڵاتداران، چەکدارانی لایەنگری ئەسەدیان بە هەڵگیرساندنی ئەو تووندوتیژییانە تۆمەتبار کرد لە رێگەی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان. لیژنەیەکی نیشتمانیی لێکۆڵینەوە رایگەیاند، لانیکەم 1,426 ئەندامی ئەو کەمینەیە کوژراون، لە کاتێکدا روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئامارەکەی بە زیاتر لە 1,700 کەس مەزەندە کردووە.



