رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەکانی تورکیا رایانگەیاند، رۆژی دووشەممە تورکیا میوانداریی سعودیە و پاکستان دەکات بۆ یەکەمین کۆبوونەوەی وەزاریی گرووپە نوێیە هەرێمییەکەیان لە بواری بەرگریدا.
رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە کە سەرەتای ئەم مانگە واژۆکرا، هەر سێ وڵات پابەند دەکات بە بەرگریی هاوبەش لە ئەگەری هێرشکردنە سەر هەر یەکێکیان.
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە، جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە و هێرشی حووسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن تارانەوە لە ناوچەکەدا بەردەوامن.
سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایانگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئیستەنبووڵدا "لێژنەیەکی ستراتیژیی سیاسی و بەرگری" پێکدەهێندرێت کە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و سوپاسالارانی ئەو وڵاتانە لەخۆدەگرێت.
رێککەوتنەکە تورکیا وەک خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ، لەگەڵ پاکستان کە تەنیا وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمییە لە جیهانی ئیسلامیدا، هەروەها سعودیە کە هێزی پێشەنگی کەنداوە، یەکدەخات.
کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە لەلایەن وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سوپاسالاری تورکیاوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
لە پاکستانەوە، ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندەی هێزەکانی بەرگری بەشداری دەکەن. بەگوتەی سەرچاوەکانی تورکیا، سعودیەش لە رێگەی وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و سوپاسالارەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
جگە لە پرسی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەشداربووان گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری، کارکردنی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانیان و هاریکارییەکانیان لە پیشەسازیی بەرگریدا دەکەن.



