رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشی دەیان نیشتەجێی جوو بۆ سەر گوندەکانی فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە هەڵوێستێکی دەگمەندا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "کردەوەی تاوانکاری" وەسفی کرد.
رۆژی شەممە، 29-08-2026، دەیان نیشتەجێی جوو هێرشیان کردە سەر گوندی قوسرە لە باکووری کەناری رۆژئاوا. دانیشتووانی گوندەکە رایانگەیاند، هێرشبەرەکان بە بەرد پەلاماری خەڵکیان داوە و دواتر لە ناو خانوویەکدا کە خێزانێکی فەلەستینی تێدابووە، خۆیان قایم کردووە. هاوکات لە گوندی جالوودی دراوسێش، جووەکان هێرشیان کردە سەر خێزانێکی فەلەستینی و تیمێکی میدیایی بیانی.
نەتەنیاهوو: ئەم هێرشانە زیان بە ئیسرائیل دەگەیێنن
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا کاردانەوەی تووندی نیشاندا و رایگەیاند: "من بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تاوانکاری و تووندوتیژییانە دەکەم کە لەلایەن کەمینەیەکی ئاژاوەگێڕەوە کراون؛ ئەوان یاسا دەبەزێنن و زیان بە پێگەی ئیسرائیل لە جیهاندا دەگەیێنن."
یوسف عەبدولکەریم حەسەن، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی قوسرە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاند، گرووپێکی بچووک لە نیشتەجێیە جووەکان سەرەتا لێیان نزیک بوونەتەوە و دواتر بە هێزێکی زۆرەوە گەڕاونەتەوە و دەوری خانووەکانیان داون و بە بەرد هێرشیان کردە سەریان.
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانیان و پۆلیسی سنوور گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە لایەنەکان لە یەکدی جیا بکەنەوە. سوپا ئاماژەی بەوەش کرد، دەستیان بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا گرتووە کە بۆ هێرشەکە بەکارهێنرابوون.
تووندوتیژیی جووەکان لە کەرتی رۆژئاوا، کە ئێستا زیاتر لە 500,000 ئیسرائیلی تێیدا دەژین، لە مانگەکانی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی ئامارەکان، لەوەتەی دەستپێکی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، سوپا یان نیشتەجێیە جووەکان لانیکەم 1,103 فەلەستینییان لە کەناری رۆژئاوا کوشتووە. لە بەرامبەریشدا، لانیکەم 48 ئیسرائیلی لە ئەنجامی هێرشی فەلەستینییەکان یان لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لەو ناوچەیەدا کوژراون.


