رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی هیچ چاوپۆشییەک بەرامبەر لایەنە "دەستدرێژیکارەکان" ناکات و دەڵێت: "رێگە نادەین کۆتایی شەڕەکە لەسەر بنەمای مەرجەکانی لایەنی دەستدرێژیکار بێت." هۆشداریش دەداتە ئەو وڵاتانەی بنکەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێندرێت و دەڵێت، مافی خۆیانە ئەو بنکانە بکەنە ئامانج.
رۆژی دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز دەستپێشخەری بۆ شەڕ نەکردووە، بەڵام بە جیدییەتەوە بەرگری لە سنوورەکان و سەروەریی خاکی خۆی دەکات.
سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەورووپا (وەک بولگاریا) بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەقایی رایگەیاند: "ئەمە مافی یاسایی ئێرانە کە سەرچاوە و بنکەی هەر جۆرە هەنگاوێکی دەستدرێژیکارانە بکاتە ئامانج."
ئاماژەی بەوەش کرد کە بیستوویانە چەند فڕۆکەیەکی سووتەمەنیبەخشی ئەمریکی خاکی بولگاریایان جێهێشتووە و گوتی: "هیوادارین ئەو وڵاتانەی بنکەیان خستووەتە بەردەستی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی بۆ دەستدرێژی دژی ئێران، هەنگاوی پێویست بگرنەبەر، چونکە هەر جۆرە هاوکارییەک لەو شێوەیە لێکەوتەی خۆی دەبێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو ئامارانەی رەتکردەوە کە باس لە زیادبوونی هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز دەکەن و گوتی: "ئەو ئامارانەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاوی دەکەنەوە بەشێکە لە جەنگی دەروونی. ناوچەکە و تەنگەی هورمز بەهۆی رەفتارەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنییەوە نائارامن."
بەقایی تیشکی خستە سەر گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و بە "جەنگی ئابووری" و "تێرۆری ئابووری" ناوی بردن. رایگەیاند کە ئێران هەموو تواناکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گەمارۆیانە بەکاردەهێنێت و گوتی: "ئەمریکا هەموو ئامرازێک بۆ سزادانی تاک بە تاکی ئێرانییەکان بەکاردەهێنێت، تەنیا لەبەر ئەوەی پێداگری لەسەر سەربەخۆیی خۆیان دەکەن."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا، بەقایی ئاماژەی بە سەردانەکەی محەممەدباقر قالیباف بۆ عێراق کرد و رایگەیاند، ئاسایشی هەردوو وڵات بە یەکەوە گرێ دراوە. گوتیشی: "هەوڵ دەدەین سنوورەکانی نێوانمان بگۆڕین بۆ سنووری ئارام و دۆستایەتی، گفتوگۆکانی بەرێز قالیباف لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەم چوارچێوەیەدا بووە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە هیچ بانگهێشتنامەیەکی فەرمییان بۆ چوونە ناو پەیماننامەی سێقۆڵیی بەرگریی (پاکستان، سعودیە و تورکیا) پێگەیشتبێت، بەڵام جەختی لە گرنگیی راوێژ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوبەش.




