رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران دەڵێ، سوپاسالاری پاکستان دەچێتە تاران. گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، سبەی سێشەممە، وەزیری دەرەوەی عومان سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی سەبارەت بە تەنگەی هورمز کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24-08-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بڕیارە سبەی بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان بگاتە تاران و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆببێتەوە.
بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، گفتوگۆی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عومان و ئێران تایبەت دەبێ بە پرسە ناوچەییەکان و بابەتە دوولایەنەکانی نێوانیان.
یەکێک لەو پرسانەی لە سەردانەکەدا تاوتوێ دەکرێ، چۆنیێتیی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز و دیاریکردنی رێڕەوی سەلامەتی کەشتیوانییە کە تاران لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە بانگەشەی بەردەوامیی داخرانی دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: ''سەردانەکە بۆ راوێژی دوو وڵاتە کەناراوییەکەیە بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و سەقامگریی ناوچە''.
هاوکات میدیای ئێرانی بڵاوی کردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بەرەو تاران بەڕێکەوتووە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەکەی عاسم مونیر بۆ تاران بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە چەندین جار بەرپرسانی پاکستان سەردانی ئێرانیان کردووە و ئیسلامئاباد یەکێک لە نێوەندگیرە سەرەکییەکانی نێوان واشنتن و تارانە.
سەردانی سوپاسالاری پاکستان و وەزیری دەرەوەی عومان لەکاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو پەرەسەندنی زیاتر دەچن وبڕیارە ئەمشەو وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وردەکاری سزا نوێیەکان بەسەر تاراندا رابگەیێنێ.



