رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا و تورکیا دەکات و رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بوونی سەربازیی تورکیا لە ناو خاکی سووریادا نادات، چونکە ئەوە وەک "هەڕەشەیەکی راستەوخۆ" بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەبینێت.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، نەتەنیاهوو لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە هۆشدارییان دابووە سووریا کە رێگە بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا نەدات، بەڵام بە گوتەی ئەو "بەرپرسانی دیمەشق پەیامەکەیان بە دروستی وەرنەگرت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە راشکاوی رایگەیاند: "هێرشەکەی دوێنێمان (سێشەممە) بۆ سەر سووریا بۆ ئەوە بوو کە پەیامەکەمان بە دروستی بگەیێنین."
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو هاوکاتن لەگەڵ سەردانێکی مەیدانیی ئییال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بۆ ناوچەکانی باشووری سووریا. زەمیر لەوێوە رایگەیاند: "ئێمە چاودێریی گۆڕانکارییەکان دەکەین و رێگە نادەین هیچ هێزێکی دوژمنکار لەسەر سنوورەکانمان پێگەی خۆی جێگیر بکات"؛ گوتیشی، سوپا ئامادەیە لە هەر کات و شوێنێکدا هێز بەکاربهێنێت بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکان.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەشت مووشەکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوهوور لە پارێزگای ئیدلب کرد. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، هێرشەکە رێک ئەو کاتە بووە کە شاندێکی سەربازیی تورکیا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە سەردانی شوێنەکەیان کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئەم هێرشەی بە "دەستدرێژییەکی بێ پاساو" ناوبرد و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەڵوێستی هەبێت.
واشنتن نیگەرانە لە هێرشەکەی ئیسرائیل. تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا رایگەیاند کە هێرشەکەی ئیسرائیل "زیادکردنێکی ناپێویستی گرژییەکانە." ئەمریکا پێیوایە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە سووریا هەڵوێستی شەڕەنگێزانەی نەبووە و باشترە لایەنەکان پەنا بۆ دیپلۆماسی ببەن.
لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024، ئیسرائیل هێزەکانی لە ناوچەی گۆلانەوە زیاتر بەرەو قووڵایی خاکی سووریا بردووە و بەرپرسانی تەلئەڤیڤیش دووپاتی دەکەنەوە کە دەیانەوێت "ناوچەیەکی ئەمنیی داماڵدراو لە چەک" دروست بکەن و تاوەکو ئەوە جێگیر نەبێت، لەو ناوچانە ناکشێنەوە کە کۆنترۆڵیان کردوون.
یایر گۆلان: هێرشەکەی سووریا مەرامی سیاسیی لە پشتە
یایر گۆلان، رێبەری پارتی دیموکراتی ئیسرائیل رەخنەی تووندی لە هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر سووریا گرت و بە هەنگاوێکی "دنەدان و مەترسیدار" وەسفی کرد کە ئیسرائیل بەرەو رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تورکیا دەبات.
گۆلان لە نووسینێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەم جۆرە جووڵە سەربازییانە درز و ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، کە لە سەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، قووڵتر دەکاتەوە؛ گوتیشی: "جارێکی دیکە هێزی سەربازی بۆ لێکدانەوەی سیاسیی بەکاردەهێندرێت و دیسانەوە ئیسرائیل باجی ئەمنییەکەی دەدات."
سەرکردەکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل هێرشی تووندی کردە سەر بنیامین نەتەنیاهوو و گوتی: "نەتەنیاهوو جارێکی دیکە دەیسەلمێنێتەوە کە کەسایەتییەکی تووندڕەو و جێگەی متمانە نییە؛ ناتواندرێت پشتی پێ ببەسترێت و بە دڵنیاییەوە ناتواندرێت ستراتیژییەکی جێگیری ناوچەیی لەگەڵدا بونیاد بنرێت."
بە گوتەی گۆلان، نەتەنیاهوو بەم کارانەی متمانە بە ئیسرائیل دادەماڵێت و وڵاتەکە لە هاوبەش و هاوپەیمانەکانی دوور دەخاتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل پێویستی بە سەرکردایەتییەک هەیە بزانێت چۆن هێز بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش بەکاربهێنێت، نەک بۆ "دروستکردنی جەنگێکی دیکە تەنیا لەپێناو مانەوەی سیاسیی خۆی."
راپۆرتێک: مۆساد و شەیبانی باسیان لە جووڵە سەربازییەکانی تورکیا کردووە
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە رۆیتەرزیان راگەیاند، هەفتەی رابردوو رۆمان گۆفمان، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کردووە و باسیان لە پرسی جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی سووریادا کردووە.
بە گوتەی سەرچاوەکان، ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە 14ـی ئابی 2026 کراوە؛ واتە تەنیا چەند رۆژێک بەر لەو هێرشە ئاسمانییانەی کە ئیسرائیل رۆژی سێشەممە کردییە سەر فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لە باکووری سووریا.
ئەم گفتوگۆیە وەک یەکێک لە بەرزترین ئاستی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان ئیسرائیل و حکومەتە نوێیەکەی سووریا هەژمار دەکرێت، لە دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـدا.
تاوەکو ئێستا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە بەرپرسە لە وەڵامدانەوەی پرسە پەیوەندیدارەکان بە مۆساد، هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە، بە هەمان شێوە گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی سووریاش بێدەنگیی هەڵبژاردووە.


