رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ گفتوگۆ و دانوستاندنێک لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە. راشیگەیاند، تەنگەی هورمز بە رووی کەشتیوانیدا کراوەیە، بەڵام بەرپرسانی تاران دەڵێن رێڕەوەکە داخراوە.
رۆژی چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ناکرێت و هیچ کاتێکیش بۆ ئەو مەبەستە دانەنراوە. گەمارۆ دەریاییەکەمان بە تەواوی بەردەوامە. تەنگەی هورمز کراوەیە و کار دەکات، هەموو مینە دەریاییەکانیش لابراون یان تەقێندراونەتەوە."
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە، جارد کوشنەر، زاوای ترەمپ و نێردەی تایبەتی، گەشبینیی خۆی نیشان دابوو و رایگەیاندبوو کە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران "لە هەموو کاتێک بەهێزترن."
سەرەڕای دڵنیاییەکانی ترەمپ، رووداوە مەیدانییەکان ئاماژە بە زیادبوونی گرژییەکان دەدەن.
ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە کەشتییەک لە کاتی دەرچوونی لە تەنگەی هورمز بە "تەنێکی نەناسراو" پێکراوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامێکی ستافی کەشتییەکە و زیان گەیشتن بە بزوەێنەرەکەی.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، دوو مووشەکی بالیستییان تێبینی کردووە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کراون و بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەوان، "هاتووچۆی دەریاییان" کردووەتە ئامانج، بەڵام هەردوو مووشەکەكە لەناو دەریادا کەوتوونەتە خوارەوە. تاران لە بەرامبەردا ئەم تۆمەتانەی ئیماراتی رەتکردەوە.
وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر پەرەسەندنی گرژییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، هەموو چالاکییە بازرگانی، دارایی و ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار راگرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گواستنەوەی کاڵا لە نێوان هەردوو وڵات تەنیا لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەستیپێکردبووەوە.
مەرجەکانی ئێران و ئاسۆیەکی تەمومژاوی
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و یەکێک لە دانوستاندنکارە سەرەکییەکان رایگەیاند، تەنگەی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەمریکا مەرجەکانی رێککەوتنی مانگی حوزەیران جێبەجێ نەکات، کە بریتین لە: کۆتاییهێنان بە گەمارۆی بەندەرەکان، هەڵگرتنی سزاکانی نەوت، ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی تاران و راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، محەممەد موخبیر، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران گوتی، وڵاتەکەی ئامادەی دیالۆگە بەڵام "دانوستاندن بە واتای خۆبەدەستەوەدان نایەت."
کاریگەرییە ئابوورییەکان
شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و کۆتاییهاتنی ئاگرەبەستی کاتی لە رۆژی دووشەممەدا، بازاڕەکانی جیهانی هەژاندووە. نرخی نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە نزیکەی 91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا لە لوتکەی شەڕەکەدا گەیشتبووە 126 دۆلار. بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان داوە کە ئەگەر تاران نەیێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ترەمپ چەندین ئامرازی دیکەی گوشاری ئابووری و سزای نوێی لەبەردەستدایە کە لە هەفتەکانی داهاتوودا بەکاریان دەهێنێت.


.jpeg&w=3840&q=75)